Cemal Sargati
09 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2017
سلێمانى-AA
به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، فه‌لاح مسته‌فا:
- "ئەنجامدانى ئەم جۆرە دیدارانە دەرفەتێکە بۆ باسکردنى پرسەکان".
- "هیچ هێزێکى سەربازیى جگە لە هێزەکانى هەرێمى کوردستان و لە چوارچێوەى هێزى پێشمەرگە بۆی نییە لە شنگال بێت".
لەمیانەى بەڕێوەچوونى 5مین دیدارى سلێمانى، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، فه‌لاح مسته‌فا بە ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند "ئەنجامدانى ئەم جۆرە دیدارانە و هاتنى ژمارەیەکى زۆر لە کەسایەتى لە ناوخۆیى وڵات و کەسانی بیانى، دەرفەتێکە بۆ باسکردنى پرسەکان و کێشە و گرفتەکان بە کراوەیى، هەروەها دەرفەتێکى گرنگە بۆ ئەوەى تێگەیەشتنێکى هاوبەش هەبێت لە پرس و بابەتەکان، لە لایەکى تریشەوە بەشدارى نێودەوڵەتى لەم جۆرە دیدارانە و بوونى پەیوەندییەکى پتەو لە نێوان هەرێمى کوردستان و دەرەوەى هەرێمى کوردستان جێگە خۆشحاڵییە".
به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان گوتیشى: "ئەم دیدارانە لە هەرێمى کوردستان وادەردەخات کە هەرێمى کوردستان بەشێکى دانەبراوە لە کۆمەڵگا نێودەوڵەتیی".
لەبارەی ناوەڕۆکی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی کە لەیەکەمین رۆژی دیدارەکە پێشکەشک کرد، فەلاح مستەفا گوتی: "گوتارەکەى حەیدەر عەبادى لە دیدارەکەدا گوتارێکى ئاشتیانەبوو، بەڵام ئێمە وەک هەرێمى کوردستان پێگەى تایبەتى خۆمان هەیە، هەڵوێستى خۆمان و سیاسەتى خۆمان هەیە، بۆیە بڕوامان وایە کە ڕاکردن لە کێشەکان، کێشەکان چارەسەر ناکات و لێگەرانى کێشەکان بۆ کات ئەویش کێشەکان چارەسەر ناکات، بۆیە دەبێت دابنیشین لەگەڵ یەک و بەیەکەوە چارەسەرى گونجاو بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بدۆزینەوە".
به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم راشیگەیاند: "شەرى داعش کارى لەپێشینەی ئێمەیە و بەغداش به‌رپرسیارێتى هەیە و گرنگى دان بە ئاوارەکان کارێکى هاوبەشى هەولێر و بەغدایە".
لەبارەى کۆبوونەوەکەى نێوان سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادى کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە لە شاری هەولێر ئەنجام درا، فەلاح مستەفا گوتى: "زۆر خۆشحاڵێن بە ئەنجامدانى ئەو کۆبوونەوانە ئه‌وه‌ش یاریدەدەرە بۆئەوەى هەردوولا لەیەکتر تێبگەین بۆ ئەوەى بزانین چۆن رووبەڕووى ئەو قەیرانانە ببینەوە، تاکو ئێستاش هەرێمى کوردستان بەشێکە لە عێراق و دەمانەوێت ئەو کێشانەی کە هەن لە نێوان هەردوولادا چارەسەر بکرێن، شەرى داعش و بەرێوەچوونى ئەو پرۆسەیە و هاوکارى و هەماهەنگى و پشتگیرى و پشتیوانى پێشمەرگە بۆ هێزەکانى سوپاى عێراقى خاڵێکى گرنگە و بوونى لێکتێگەیشتنى و هەماهەنگی سیاسیش گرنگە".
به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، فەلاح مستەفا گوتیشی: "حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕواى تەواوى وایە کە قەزاى شنگال بەشێکە لە هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى عێراقدا، بۆیە هیچ هێزێکى سەربازیى جگە لە هێزەکانى هەرێمى کوردستان و لە چوارچێوەى هێزى پێشمەرگە بۆی نییە لەو ناوچەیە بوونی هەبێت".