واشنتۆن
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان فەلاح مستەفا کە لەگەڵ سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان فواد حوسێن لە واشنتۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری کۆبوونەوە، سەبارەت بە پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا گوتی: "ئەمڕۆ لە عێراق واقێعێکی نوێ ھاتۆتە پێشەوە و دەبێ ھەر جۆرە چارەسەرێک بەگوێرەی واقێعی نوێ بێ و کەس ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ واقیعی پێش ٩ی حوزەیران، کوردستان پێویستە لەڕووی سیاسی، ئابووریییەوە ببێتە خاوەن دەسەڵات و ھێزی زیاتر، بۆ جێبەجێکردنی دەستووری بنەڕەتی زیاتر لە ١٠ ساڵ چاوەڕوانمان کرد، بۆ چارەسەری کێشەکان زۆر چاوەڕوانمان کرد بەڵام بەغدا ھیچ ھەنگاوێکی نەنا. بۆیە ئەمڕۆ بۆ ئێمە کات کاتی کۆتاییھێنان بەو بارودۆخە و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە. باسی ئەو پرس و کێشە سیاسی، ئابووریی و ئەمنیانەمان بۆ ئەمریکاییەکان کرد."
مستەفاجەختیکردەوە گەلی کورد مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەیە و پێویستە کار بەو مافە بکا. تەنیا گەلی کورد بۆی ھەیە لەو بوارەدا بڕیار بدا و بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق نیشانەی ئەوەیە کە ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێ، سیستەمی دیموکراتیکی فیدراڵ کە چاوەڕوان دەکرا وەڵامی داواکارییەکانی کورد بداتەوە، نەیتوانی لە ئاستی خواست و داکانی کوردبێ، بۆیە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا سەر لە نوێ دادەڕێژرێتەوە.
لەمەڕ رەوشی کەرکوک فەلاح مستەفا گوتی: "دوای رووداوەکانی میسر، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق گۆڕانێکی یەکجار زۆری بەسەردا هاتووە، ئەمڕۆ لە نێو واقێعێکی جیاوازی سیاسی و ئەمنیداین. سەبارەت بە کەرکوک دوایین بڕیار لەسەر ئەوەی کە ئایا کەرکوک بەشێکە لە کوردستان یا نا؟ بڕیاری دانیشتووانی پارێزگاکە خۆیانە. سەرەڕای نەرمی نواندنی کورد بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا بە ھیچ شێوەیەک لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوو ئامادە نەبوون مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق جێبەجێ بکەن، کاتێ کە بارودۆخەکە ئاسایی بووەوە ئەوا دانیشتووانی کەرکوک زۆر بە ئاسانی و ئاسوودەیی دەتوانن بڕیار لە سەر ئەوە بدەن کە ئایا دەگەڕێنەوە سەر کوردستان یا لەگەڵ بەغدا دەبن."
فەلاح مستەفا ئاماژەی بە پەیوەندیی هەولێر و ئەنقەرە دا و گوتی: "ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باسی بارودۆخی عێراق و ھەڵوێستی کوردمان کردووە و بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی عێراق ئەوەی لە دەستمان بێ درێغیمان نەکردووە، تورکیا ھاوپشکێکی گرنگی ئێمەیە و لە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە زۆر خۆشحاڵین، لایەنی تورکی وردە وردە زۆر بە باشی لە داواکارییەکانی کورد تێدەگا. لە بواری ئەمن و ئارامییەوە کوردستان خاوەن بارودۆخێکی زۆر باشە. لە نێوان تورکیا و کوردستان پەیوەندیی باش و متمانە بە یەکتر ھەیە، بۆیە دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان ھیچ زیان و کاریگەرییەکی خراپی لەسەر تورکیا و وڵاتانی دیکەی جیھان نابێ، بەڵام ئەمڕۆ ئەو خاڵە لەسەر مێزدا نییە، پێویستە ھەموو کەس بزانێ کە ئەگەر دەرفەتی رزگار کردنی پڕۆسەی سیاسی عێراق ھەبێ، ئەوا ئێمە ھەوڵ بۆ رزگارکردنی دەدەین. ئەگەر دەرفەتێکی بەو جۆرە نەبێ ئەوا کورد رێگایەکی دیکە دەگرێتە بەر و بۆ دەستنیشان کردنی ئەو رێگایە، تەنیا گەلی کورد خاوەن بڕیارە. حاڵی حازر دوو رێگامان لە پێشە یەکەم، عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵ، رێگای دووەم داھاتوویەکی گەش و بەختەوەر و ئاسوودە بۆ گەلی کورد."
لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا کۆتایی بە عێراقی یەکگرتوو ھاتووە؟ مستەفا گوتی: "ناتوانین باس لە یەکێتی بکەین چونکە ئێمە بە ویستی خۆمان لەگەڵ عێراقدا ماینەوە، ئەگەر بۆ دەرفەت ھەبێ ئەوا دەمێنینەوە و بەڵام ئەگەر بەغدا بڕیاری ھەموو شت بگرێتە دەستی خۆی و ھەموو شتێ بخاتە ژێر دەست و کۆنترۆڵی خۆی بەو جۆرەی دەیخوازێ، ئەوا ناتوانین باس لە یەکێتی بکەین. ئێمە گرێدراوی ئەو پرنسیبانە نابین کە شکستی بەغدایان سەلماندووە، بەڵکو وردبینانە و واقیع بینانە ھەڵسوکەوت دەکەین، کورد و عەرەب دوو نەتەوەی سەرەکی عێراقن، بۆیە پێویستە رێز لە ناسنامەی کورد و سیستمی ھەرێمی کوردستان بگیردرێ و لە ھەر جۆرە گۆڕانکارییەکی نوێشدا رێزی لێ بگیردرێ، بە پێچەوانەوە کورد ئەو رێگایەی کە پێ باشە دەگرێتە بەر."
مستەفا باسی لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاھۆی کرد کە گوتبووی پشتگیریی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و ئاماژەی بەوە کرد "گەلی کورد شایانی ئەوەیە سەربەخۆیی ھەبێ، بۆیە رێز لە ھەر وڵات یا ھەر کەسێک دەگرین کە دان بەو مافەدا بنێ و ئاواتە خوازین لە داھاتوودا ژمارەی ئەو وڵاتانە زیاتر ببێ، لە داھاتوودا کوردستانی سەربەخۆ دەبینین بەڵام ئەمە نابێتە مەترسی بۆ سەر ھیچ وڵاتێک بە پێچەوانەوە دەبێتە ھۆی بەھێز بوونی وڵاتانی دیکە.