ھەولێر
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بە مەبەستی تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی عێراق و ھەنگاوەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشھاتەکان و خۆسازکردنی ھەرێم بۆ ڕیفراندۆم، سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد.
لە گوتەیەکدا لە پەرلەمان بارزانی گوتی: "چەندین جار گوتمان موسڵ لە مەترسیدایە، بەڵام گۆێمان لێ نەگیرا."
گوتیشی: "زۆر جار باس لەوە دەکرێ کە پێشمەرگە جووەتە ناوچەکانی دەرەوەی سنووری ئێدارەی ھەرێم، بەڵام ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە چەند ناوچەیەک پێشمەرگەمان جێگیر کردووە و بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئەو شوێنانەمان پاراستووە، ئێستاش بە درێژی ١٠٥٠ کیلۆمەتر لەگەڵ دەوڵەتێکی تازە دراوسێین، ئەویش کە بە نسبەتی ئێمە تێرۆریستن، بەڵام ئەوە ئەمری واقیعە و تەنیا بە درێژی ١٥ کیلومەتر لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دراوسێین."
بارزانی ئاماژەی بەوە کرد "ئەگەر پێشمەرگە ئەو شوێنانەی نەپاراستایا ئێستا کارەساتەکە چەند بەرابەر دەبوو" باسی لەوەش کرد کە نیو ملیون کۆچبەر روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و گوتی: "ئەرکێکی زۆر قورسە، بەڵام بۆ خەڵکی کوردستان جێی شانازییە، چونکە بووەتە جێگەی پێزانینێکی زۆر لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و ھەموو دونیا بە چاوی رێز تەماشای کوردستان دەکەن."
ھەروەھا سەرۆکی ھەرێم روونی کردەوە، "ئێستا باردودۆخێکی نوێ ھاتووەتە پێش، ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوی ئێدارەی ھەرێم لە ژێر کونترۆلی پێشمەرگەدان و بە ھەموو کەسێک، کلدان، تورکمان و ئاشووری دەڵێم ئێمە دەبێ پێکەوەژیانێکی وا دروست بکەین کە ببێتە نموونە، با پێکەوە یەکسان بین لە ئەرک و مافەکانماندا."
بارزانی لەبارەی مادەی ١٤٠ەوە گوتی: "ئێستا دەڵێن مادەی ١٤٠ مادەیەکی دەستوورییە و بەرگری لە یەکپارچەیی عێراق دەکەن، پێشتریش دەیانگوت ئەو مادەیە مردووە، بە نسبەت ئێمەوە، بۆ ئەو مادەیە رێفراندوم لەو ناوچانە دەکرێ و خەڵک بڕیار لەسەر چارەنووسیان دەدری، بۆیە پێموایە دەبێ پەرلەمان دیراسەتی ئەو باردۆخە بکا کە چۆن ئەو ھەنگاوە بهاوێژین، ئەگەر نا، ئەوانەی بەتەمای ئەوەن بە زۆر ئەو ناوچانە بگرنە دەست، من پێموایە تووشی ھەڵەیەکی زۆر گەورە دەبن، پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە ھاتووە و بە ھیچ فشارێک پاشەکشە ناکا."
گوتیشی: "ھەتا چارەنووسی ئێمە یەکلایی دەبێتەوە، بەوپەڕی تواناوە یارمەتی برایانی شیعە و سونە دەدەین بو ئەوەی لەو قەیرانە دەربچن، بەڵام ئێمە لەگەڵ خەڵکێکی نوێین کە بڕوایان بە دیموکراسی و دەستوور ھەبێ."
هەروەها گوتی: "ئەوان بەو سیاسەتە نەیانتوانی یەکڕیزی عێراق بپارێزن و شکست بە تێروریستان بێنن، لە ئەنجامدا دەڵێن ھەڵەی کەسانی دیکەیە. سیاسەتی چەوتی ئەوان وایکرد عێراق پارچە پارچە بێ و کورد ھەرکیز ھوێ ئەوە نەبووە."
لە درێژەی قسەکانیدا بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە باس لەوە دەکرێ کورد نابێ بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدا و گوتی: "ئەوە خیلافی دەستوورە، با بگەڕێینەوە دەستوور کە دەڵێ پابەندبوون بە دەستوورەوە مەرجە بۆ مانەوەی عێراق بە یەکپارچەیی، ئێمە دەیەھا نموونە دەێنینەوە کە پابەندنەبوونە بەم دەستوورە و بە چ یاسا و حەقێک ئەو ھەموو شتە بەرامبەر بە کورد کرا."
ھەروەھا گوتی: "لە رووی ئاسایش و سەربازییەوە رێککەوتن لە نێوان ئێمە و ئەوان هەبوو و ھیچ ئیلتزامیان پێوە نەکرد، گوتیان مادەی ١٤٠ تەواو بوو و پرسی نەوت و گاز بایەخی پێنەدرا، لەسەر پرسی پێشمەرگەش کاتی خۆی رێککەوتنمان لەگەڵ عێراق هەبوو، بە جۆری پێشمەرگە بە شێک بێ لە دامەزراوەی یاسایی عێراق و بەشێکی زۆر چەک و تەقەمەنی لە سەربازگەی تاجی پێدبدرێ کە مافی پێشمەرگە بوو، بەڵام ھەرگیز یەک فیشەکیشیان بە پێشمەرگە نەدا. بە نسبەت مادەی ١٤٠ەوە چەندین جار ھاوارمان کرد، بەڵام زۆرجار دەیانگوت مادەی ١٤٠ مردووە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لەبارەی نەوت و گاز تا ساڵی ٢٠٠٧ رێککەوتن لەسەر پڕۆژەیەک و یاسای نەوت و گاز ھەبووە بەوپێیە ئەگەر تا مانگی ئایاری ٢٠٠٧ ئەو یاسایە لە پەرلەمان تێنەپەڕێندرایە، ھەرێم و حکومەتی فیدرڵ مافی خۆیان بێ نەوت لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرەوە دەربێنن و بیفرۆشن، تا ئەو کاتەی ئەو یاسایە لە پەرلەمان تێپەڕ دەبێ.
سەرۆکی هەرێم لە کوتایی قسەکانیدا داوای کرد پەلە بکرێ بۆ دامەزراندنی کۆمیسیونی سەربەخۆ بۆ هەرێمی کوردستان و وەک ھەنکاوی دووەم ئامادەکاری بۆ رێفراندوم و چارەنووسی کرد بکرێ و گوتی: "بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین و چاوەڕێ نەکرێ خەڵکی دیکە چارەنووسمان دانێ."