ھەولێر
فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە شاری کۆبانێ باس لە بەرەکانی شەڕ دەکات لە کۆبانێ و رایشی دەگەیەنێت کە چەکدارانی داعش کشانەوە بە چارەسەر دەزانن، چونکە توانای بەرگریان نییە.
فەرماندەی پێشمەرگە لە کۆبانێ ئەحمەد گەردی لەبارەی رەوشی کۆبانێ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەرچەندە ھەر لەگەڵ ھاتنی پێشمەرگە ئاراستەی شەڕ گۆڕاوە بەڵام داعش لەگەڵ تۆپبارانکردنی ئێمە ئەوانیش تۆپبارانیان ھەیە تا ئێستا ئێمە بەتوندی وەڵامی ئەوانمان داوەتەوە بۆ نموونە لە دوێنێوە هەتا ئێستا گورزی کوشەندەیان، بەرکەوتووە بەجۆرێک ٢٤ سەعاتە نەیانتوانیوە تۆپباران بکەن، ئەوەش نیشانەی لاوازییانە".
گەردی لەبارەی ئەوشوێنانەی کە کۆنترۆڵ کراونەتەوە، لە کۆبانێ بۆ ئانادۆڵو گوتی: "لەو چەند رۆژەدا زیاترین پێشڕەوی پێشمەرگە لە میحوەری رۆژھەڵات بووە کە ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەیارمەتی پێشمەرگە توانیویانەوە نزیکەی کیلومەترێک بەرەو پێش بچن".
ھەروەھا ئەو فەرماندەیە گوتیشی: "کۆبانێ پاک دەکرێتەوە و داعشیش وەکو جاران لە کۆبانێ نەماوە و ئێستا داعش چاوەڕوانی ئەوەن کە ھۆیەک بدۆزنەوە و بکشێنەوە لە سنووری کۆبانێ".
ئەحمەد گەردی باسی لە رۆڵی ھاوبەشی پێشمەرگە و ھێزەکانی یەپەگە کرد و دەڵێ: "یەپەگە و پێشمەرگە بەیەکەوە شەڕ دەکەن بەڵام ھەر لایەنەک بەکاری خۆی ھەڵدەستێ بۆ نموونە پێشمەرگە وەک ھێزی پشتیوانی چەکی قورس بەکار دەھێنی و چەکەکانمان لە تۆپی ٥٧ و راجیمەی ١٢٠ و spc چەندین چەکی قورسی دیکە پێک ھاتووە".
بۆ دوومانگە شاری کۆبانێ لەلایەن چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بەداعش گەمارۆ دراوە، ھێزەکانی یەپەگەش بەرگری دەکەن، چوونی پێشمەرگەش لە ھەرێمی کوردستانەوە وای کردوە داعش لە ھێرشکردنەسەر کۆبانێ بوەستێنن.
لەبارەی زیانەکانی شەڕ لە کۆبانێ فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە کۆبانێ بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند: "لەگەڵ گەیشتنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ زیانی شەڕ بۆ ھێزەکانی کورد کەم بووەتەوە بەڵام چەکدارانی داعش نزیکەی ٢٠٧ تەرمیان لە ژێر خانووەکانی رووخاو ماون و زیاتر لە ٦٠ تەرمیان بەدەست خۆیان کەوت و چەک و تەقەمەنییەکی زۆری ئەوانیش کەوتووەتەدەست ھێزەکانی کورد".
ناوبراو ھەروەھا لە کۆتاییدا گوتی: "پێشمەرگە و یەپەگە پێویستیان بەھیچ نییە، ئەوان لە کۆبانی زۆر بەھێزن بە ورەبەرزی شەڕ دەکەن، لە بواری ھێزی پشتیوانیش ھیچ کێشەیەکیان نییە و چەکی پێویستمان لایە".
لەبارەی ھاوکارییەکانی نێودەوڵەتی ئەحمەد گەردی گوتی: "لە ھەموو روویەکەوە ھاوکارییەکان باشن، ئەوان لە رووی ئیداری و پلانەکانی ژووری عەمەلیات، بەشداری باشیان ھەبووە".