سياسەت

عێڕاق لەنێوان بەرداشی بەهێزی و جەنگێکی ناوخۆییدا

سیاسەتمەدار و نووسەری بواری سیاسیی، ئەبوبەکر کاروانی: "ئێران چاوەڕێی جۆرێک لەو ئەنجامانەی نەدەکرد، پێم وایە کە ئێستاش ستراتیژییەتی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی کە لەو دەرئەنجامانە کەم بکاتەوە کە بەقازانجی ئەو و هاوپەیمانەکانی نابن لە عێراقدا".

Rewa Mahmood Hasan  | 25.10.2021 - نوێکردنەوە : 31.10.2021
عێڕاق لەنێوان بەرداشی بەهێزی و جەنگێکی ناوخۆییدا

As Sulaymaniyah

سلێمانی-AA رەوا حاجی

لەئێستادا هەرچەندە ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری عێراق رانەگەیەندراوە، بەڵام سەرجەم کوتلە و هاوپەیمانییەکانی براوەی هەڵبژاردن بەپێی کورسییەکانی خۆیان و هەندێکیشیان بەلەبەرچاوگرتنی پاڵپشتی دەرەکی، هەندێکی تریان بە پشتبەستوو بە گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە خۆیان دەستیان کردووە بە گفتوگۆ و خستنەڕووی بەرنامەی کار و لێکنزیکبوونەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ کە تیایدا سەرۆکوەزیرانەکەی بۆ کوتلەیەکی براوەی شیعە، سەرۆکی پەرلەمانەکەی بۆ کوتلەیەکی سوننە و سەرکۆماریش بۆ کورد فەراهەم دەکرێت.

بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەموو ئەگەرەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەت یان هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردن و ئەو لایەنانەی کە کاریگەرییان هەیە بەسەر رەوشی عێراقەوە، ئاژانسی ئانادۆڵو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ سیاسەتمەدار و نووسەری بواری سیاسیی، ئەبوبەکر کاروانی ئەنجام دا.

ئەبوبەکر کاروانی سەرەتا لەبارەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ١٠ی ئۆکتۆبەر لە عێراق کە زۆرێک پێیان وایە نەخشەیەکی نوێی سیاسیی لەو وڵاتە هێناوەتە ئاراوە گوتی: ''بەبڕوای من قورسە بۆ عێراق بتوانێت بەیەک هەڵبژاردن، هەژموونی گرووپە میلیشیاییەکان کۆتایی پێبهێنێت و وڵات بکرێت بە سیستەم و دامەزراوەیی، هێشتا ژانی لەدایکبوونی حکوومەتێکی نوێی عێراقی تازە دەست پێ دەکات، ئایا دەستێوەردانەکانە دەرەکییەکان، ئەو میلیشیایانەی لە عێراقدان رێگە بەوە دەدەن کە هەڵبژاردن ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێنێت بەتایبەت کە ئێستا نەخشەی سیاسیی گۆڕیوە، رێگە دەدەن کە عێراقێکی نوێ لەدایک بێت، بەبڕوای من هێشتا زووە، چونکە عێراق وڵاتێکی داڕووخاوە، هێشتا ٦٠ میلیشیای تێدایە، پارچە پارچەیی تێدایە و ناسنامەی یەکگرتوویی دیار نییە، هێشتا زووە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، هەرچەندە باشترینی ئەو هەڵبژاردنانەبووە کە تا ئێستا کراون لە دوای ٢٠٠٣ەوە ئەنجام دراوە، بەڵام ئایا ئەم هەڵبژاردنە ئامانجەکانی خۆی دەپێکێت کە راگوزەرکردنی عێراقە بۆ عێراقی دوای میلیشیاکان و پشک پشکێنە و دابەشبوون و دەستێوەردانی زەقی دەرەکی، بەڕای من هێشتا زووە.''

سیاسەتمەدار و نووسەری بواری سیاسیی، ئەبوبەکر کاروانی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ١٠ی ئۆکتۆبەر ئاماژەیەک نییە بۆ عێراقێکی نوێ و دەوڵەتێکی بەهێز، لەکاتێکدا کۆمەڵێک گرووپی سوننی، شیعی و کورد، دەتوانن بەبێ گەڕانەوە بۆ هەندێک لە گرووپی سیاسیی خاوەن میلیشیایی هەژموندار حکوومەت پێبکهێنن و بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز بوەستنەوە کە هاوکات خاوەنی چەندێک گرووپی چەکداریشن گوتی: ''بەبڕوای من هێشتا دروستبوونی عێراقێکی بەهێز لە گۆڕێ نییە، کێشەکانی عێراق، رەهەندە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی لەوە قوڵترن، ئابووری عێراق، نەبوونی ناسنامەیەکی یەکگرتووی عێراق، شلوشۆڕی دامەزراوەکان، پارچە پارچەبوون لە عێراقدا، کەوتنی هێزێکی وەک عێراق لەنێو کۆمەڵە دراوسێی گەورەدا، ئەمانە هەمووی وا دەکەن کە بە ئاسانی نەتوانین باس لە چارەسەریی ریشەیی کێشەکانی عێراق بکەین، ئەم هەڵبژاردنە ئەگەر بیتوانیایە زەمینەیەکی باش بخوڵقێنێت، بۆ ئەوەی قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسیی دروست بکات لە قازانجی ئیشکردن بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشە کەڵەکەبووەکان لە داهاتوودا، ئەوە سەرکەوتن بوو، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەمە، ئەو بیردۆزەی تۆش باست کرد ئاستەمە، گرووپە براوەکان بەبێ گرووپە سیاسییە خاوەن میلیشیاکان بتوانن حکوومەت پێکبهێنن، یان لە دەرەوەی فشاری ئێران حکوومەت پێکبهێنن، چونکە ئاسان نییە"

سەبارەت بەوەی کە ئایا گرووپە براوەکانی نێو پێکهاتەکانی شیعە، سوننە و کورد خواستی وڵاتانی عەرەبی نین کە خوازیارن ناسنامەی عێراقیی نوێ کە ناسنامەیەکی پانعەرەبیزمەو دوورە لە هەیمەنەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە؟ کە هەر ئەمەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆی پشتگیریەکی بەهێز بۆ ئەو گرووپانە، لە وەڵامدا ئەبو بەکر کاروانی گوتی: ''راستە ئەو گرووپانە کۆکەرەوەی خواستی وڵاتانی عەرەبین، بەڵام هێزی کاریگەر لە عێراقدا (کۆماری ئیسلامی) ئێرانە، ئەو وڵاتانە نین، ئەوانە راستە تاڕادەیەک لە شەقامدا گۆڕانکارییان کردووە، بەڵام ئەگەر شەقام بەدەستی ئەوانەوە بێت، ئەوا چەک بەدەستی خەڵکێکی ترەوەیە، پەیوەندی و بڕیاردان لە هەندێک رووەوە بەدەست خەڵکی ترەوەیە، بۆیە وا بەئاسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چاوپۆشی لە بەرژەوەندییەکانی خۆی ناکات لە عێراق، هەتا ئەگەر پێویست بکات بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانە، دەشێت سەقامگیری جارێکی تر تێکبچێتەوە و شەڕێکی ناوخۆیی بخوڵقێت".

سیاسەتمەدار و نووسەری بواری سیاسیی، ئەبوبەکر کاروانی لە وەڵامی پرسیارێکی تردا کە ئایا کۆماری ئیسلامیی ئێران پاڵپشتی ناکات لە دروستبوونی کۆمارێکی بەهێزی عێراقی، بە واتایەکی تر لە کاتەکانی پێشوودا ئەگەر لە رێی گرووپەکانەوە هەیمەنەی خۆی پاراست بێت، ئێستا لە رێگەی دەوڵەتێکی بەهێز کە ئەگەری هەیە دروست بێت لە عێراق هەیمەنە و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەپارێزێت؟ گوتی: ''بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران گرنگ ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی پارێزراو بێت، عێڕاق وەکو ناوچەی هەیمەنەی ئەو بمێنێتەوە، بەشێک لە بەرەی بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بمێنێتەوە، نفوزی ئەمریکا، بەریتانیا و عەرەبەکان شوێنی نفوزی ئەو نەگرێتەوە، بەڵکو بڕیاردەر و قسەکەری یەکەم لە عێراقدا کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت، بەدەر لەمە بە بڕوای من ئێران رێگە نادات، ئەگەر هەر دەوڵەتێک پێکدێت لە چوارچێوەی رەزامەندی کۆماری ئیسلامیی (ئیران)دا بێت ئاساییە، بەڵام لە دەرەوەی لێکتێگەیشتنی ئەو بێت، ئاسان نییە لە عێراقی ئێستادا".

سەبارەت بەهەندێک دەنگۆ کە باس لەوە دەکەن هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە هاوتەریبی سیاستەکانیان لە عێڕاق پەیڕەو دەکەن، بەو واتایەی کە ئەو نەخشە سیاسییەی دوای هەڵبژاردنەکانی ١٠ی ئۆکتۆبەر هاتۆتە ئاراوە، پێشتر بە هاوتەریبی کاری لەسەر کراوە لەلایەن هەریەک لەو دوو وڵاتەوە، لەم بارەیەوە ئەبوبەکر کاروانی نەیشاردەوە کە پێشتر لە عێراقدا مەودای سیاسەتکردنی هاوتەریبی ئەو دوو لایەنە دەبینرا، بەڵام لەئێستادا واینابینێت و گوتی: ''لە قۆناغی پێشووتردا هاوتەریببوون هەبووە، بەڵام ئێستا ئەمریکییەکان رۆڵی خۆیان زیاتر داوە بە بەریتانی و فەڕەنسییەکان و سعوودیە، بۆیە لەئێستادا پێم وانییە لە قۆناغێکدا بین کە ئەمریکا و ئێران لێکتێگەیشتنیان رۆڵی یەکلاکەرەوەی سەرەکی هەبێت لە یەکلاکردنەوەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراقدا.

دەکرێت ئەم دوو وڵاتە لە هەندێک شوێن بەرژەوەندییان دژیەک نەبێت، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ستراتیژیەتی ئەم دوو وڵاتە دژ بەیەکن، لەناو عێراقیشدا تاڕادەیەک چوونە قۆناغی دوای لێکتێگەیشتن، ئەگەر ئاڵوگۆڕەکان بەو شێوەیە نەبێت کە ناچاریان بکات، بگەڕێنەوە بۆ لێکتێگەیشتنەکە، لەبیریشمان نەچێت پەیوەندیەکانی خۆرئاوا و ئەمریکا و ئێران بەهۆی رێککەوتننامە ئەتۆمییە پەککەوتووەکەی ڤیەنناوە لە قۆناغێکی گرژیدایە، هەردوولاش وەک کارتێکی فشار بۆسەر یەکتری سەیری عێراق دەکەن".

لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئێران چاوەڕێی جۆرێک لە ئەنجامی هەڵبژاردنی لەو شێوەیەی دەکرد لە عێراقدا دوای ئەوەی لەکاتی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکاندا و دانانی بازنەی هەڵبژاردنەکان کە هەندێک بە هۆکاری بێهێزبوونی گرووپە شیعیەکانی نزیک لە ئێرانەوە لەقەڵەمی دەدەن، هیچ جۆرە هەڵوێستێک نەنوێنرا، سیاسەتمەدار و نووسەری بواری سیاسیی، ئەبوبەکر کاروانی بەدووری دەزانێت کە ئێران چاوەڕێی ئەنجامێکی هەڵبژاردنی لەو چەشنەی کردبێت و دەڵێت ''ئێران چاوەڕێی جۆرێک لەو ئەنجامانەی نەدەکرد، پێم وایە کە ئێستاش ستراتیژییەتی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی کە لەو دەرئەنجامانە کەم بکاتەوە کە بەقازانجی ئەو و هاوپەیمانەکانی نابن لە عێراقدا لە هەموو حاڵەتێکیشدا، ئەگەری هەیە دۆخێکی جیاوازمان هەبێت لە عێراقدا، بەڵام دەبێت کۆماری ئیسلامیی ئێران و غەیری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەرک بەوە بکەن، ئەگەر بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێنن، دەبێت بەشێوازی نوێدا بەدوایدا بگەڕێن، ناکرێت ئەوەی لە شەقامدا روویداوە نادیدەی بگرن".

سیاسەتمەدار و نووسەری بواری سیاسیی، ئەبوبەکر کاروانی سەبارەت بە سیناریۆکانی داهاتووی عێراق لە ئەگەری رێککەوتن یان رێکنەکەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق گوتی؛ ''چاوەڕێ دەکرێت حکوومەتێکی تەوافوقی پێکبێت لەنێوان کوتلە جیاوازەکاندا کە تەنیا (موقتەدا) سەدری نەبێت، یان غەیرە سەدری، یان لە ئەگەری رێکنەکەوتندا ناسەقامگیری جارێکی تر باڵ بەسەر عێراقدا دەکشێنێتەوە. کە ئەمە بۆ هەموو عێراقییەکان خراپە و هەرێمیش بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو فشارانەی کە دروست دەبن و هەندێکیان بە قازانج و هەندێکی تریان بەزیانی هەرێمی کوردستان بشکێنەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن