سياسەت

عێراق.. ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران راگەیەنرا

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی عێراقی راگەیاند کە لە ١٢ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو.

Sarmand Hameed  | 10.08.2018 - نوێکردنەوە : 11.08.2018
عێراق.. ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران راگەیەنرا

Iraq

بەغدا - AA

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی عێراقی راگەیاند کە لە ١٢ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو.

بڕیاری جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان دوای ئەوە هات کە ژمارەیەک قەوارە و هاوپەیمانییەتی بەشدار لە هەڵبژاردنەکە تانەیان لە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان گرت کە لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە راگەیەنرا.

بەپێی ئەو ئەنجامەی لە لایەن کۆمیسیۆنەوە راگەیەنراوە، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری کە باڵی سیاسیی گرووپەکانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت کورسییەکیان زیادکردووە، لە بەرامبەردا هاوپەیمانی بەغدا کە ژمارەیەک هێزی سیاسیی سوننە لەخودەگرێت کورسییەک لە ژمارەی کورسییەکانیان کەمی کردووە.

لە بەیاننامەیەکدا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو ئەنجامەی قەوارە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستیان هێناوە وەک خۆی ماوەتەوە جگە هاوپەیمانی فەتح کە کورسییەکی لەسەر حیسابی هاوپەیمانی بەغدا زیادکردووە.

لە بەیاننامەکەدا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کردووە کە ئەنجامی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە نێوان ژماردن و جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و بەدەست لە ١٣ پارێزگا وەک خۆی بووە و هیچ گۆڕانگارییەک بەسەر ژمارەی کورسییەکاندا نەهاتووە کە ئەوانیش بریتین لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دیوانییە، موسەننا، نەجەف، بابل، دهۆک، دیالە، کەربەلا، بەسڕە، میسان، واست و کەرکووک.

ئاماژە بەوەشدراوە کە گۆڕانکاری لە پێنج کاندید لە هەمان قەوارە لە پارێزگاکانی زی قار، نەینەوا، سەلاحەددین، ئەنبار روویداوە.

بەم ئەنجامەش ھاوپەیمانی فەتح، بە سەرۆکایەتی ھادی عامری بووە خاوەنی ٤٨ کورسی و لە ریزبەندی دووەمدا مایەوە لە دوای هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر کە بە بەدەستهێنانی ٥٤ کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان و ھاوپەیمانی نەسر، بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی ٤٢ کورسی بەدەستھێناوە و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە سەرۆکایەتی جێگری سەرکۆماری عێراق، نوری مالیکی ٢٦ کورسی بەدەستھێناوە و ھاوپەیمانی وەتەنییە کە لە لایەن جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەللاوی سەرۆکایەتی دەکرێت،٢١ کورسی و رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم بووەتە خاوەنی ١٩ کورسی.

چاوەڕوان دەکرێت کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان بنێرێت بۆ دادگای باڵای فیدڕالی بەمەبەستی پەسندکردنی.




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın