شیکاریی - دیپلۆماسییەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کەنداو چی لێدەخوێندرێتەوە؟
- مستەفا کازمی سەردانەکەی بۆ ئیمارات لە دوای سەردانی سعوودیە و پلانی لووتکەی سێقۆڵی عێراق، میسر و ئوردن کە بڕیارە لە بەغدای پایتەخت سازبکرێت ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی رابردوودا، دەستی بە ترافیکێکی چڕی دیپلۆماسیی کردووە لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا.
Istanbul
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەردانەکەی بۆ ئیمارات لە دوای سەردانی سعوودیە و پلانی لووتکەی سێقۆڵی عێراق، میسر و ئوردن کە بڕیارە لە بەغدای پایتەخت بە بەشداری سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و شا ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم سازبکرێت و دیدارەکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی کە پێشتر سەردانی بەغدای کرد بوو، ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی رابردوودا، دەستی بە ترافیکێکی چڕی دیپلۆماسیی کردووە لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا. کەوابوو پێویستە دیپلۆماسییەتی مستەفا کازمی لەبارەی کەنداوی لە رووی کاریگەریی بۆ سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی عێراق چۆن بخوێندرێتەوە؟
سەردانە سێ رۆژیەکەی سەرۆکی دەوڵەتە شاری ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس بۆ عێراق لە سەرەتای مانگی ئاداردا و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورەترین مەرجەعی شیعەکان لە نەجەف، عەلی سیستانی لە رووی ئەوەی لەنێو شیعەکاندا ناسناوی عێراقی و نەجەف-یشی بەرامبەر مەدرەسەی قوم خستووەتە پێشەوە وەک هەنگاوێکی هاوسەنگکردنەوە لێکدانەوەی بۆ کرا بەرامبەر کاریگەریی ئێران لە عێراق. دوای ئەو سەردانەی پاپا مەدرەسەی شیعی نەجەف کە دوورە لە ئێران خرایە پێشتر. لە عێراقیش ئەمجارە دیدارەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و سوننە چڕکرایەوە، ئەوەیش ترافیکێکی دیپلۆماسییە کە وەک هەڵمەتێکی دیکەی هاوسەنگکردنی کاریگەریی ئێران لەسەر ئەو وڵاتە دەخوێندرێتەوە.
- ئایا هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی سوننە لە عێراق؟
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کە لە هەفتەی دووەمی مانگی ئاداردا، لە پێشوای شاندێکی وەقفی سوننەی میسر، نامەیەکی بانگهێشتنامەی ئاراستەی شێخی ئەزهەر، ئەحمەد ئەلتیب کرد سەردانی عێراق بکات کە ئەوەیش مایەی سەرنجە مستەفا کازمی سوننەکانی عێراقی هێناوەتە ناو سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی. لە هەفتەی کۆتایی مانگی ئاداردا، وەزیری دەرەوەی قەتەر، محمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی لە بەغدا لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی-دا کۆبووەوە و ئاماژەی بە پشتیوانیان کرد بۆ پاراستنی سەروەریی و سەقامگیریی عێراق.
لە عێراقدا کە بووەتە گۆڕەپانی پێکدادانی ئەمریکا و ئێران و میلیشیا شیعەکانی پشتیوانی ئێران لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت جووڵە دەکەن، دەستەواژەی سەروەریی کە مستەفا کازمی زۆر دووپاتی دەکاتەوە بەهۆی پشتیوانیکردنی لەلایەن وڵاتانی سوننەوە بووەتە جێی بایەخ.
لووتکەی سێقۆڵی کە بڕیار بوو لەنێوان عێراق، میسر و ئوردن لە کۆتا هەفتەی مانگی ئاداردا لە بەغدا ساز بکرێت، بەهۆی ئەو رووداوی شەمەندەفەرەی لە میسر روویدا بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
کازمی، سیسی و عەبدوڵڵای دووەم کە کۆتا جار لە ئابی ٢٠٢٠دا لە عەممان کۆبوونەوە، یەکەم لووتکەیان لە ئاداری ٢٠١٩دا لە قاهیرە سازکرد، بەهۆی دواخستنی ئەو لووتکەیەوە پێش دوو رۆژ وەزیرانی پەیوەندیداری هەر سێ وڵات لە عەممان کۆبوونەوە و بابەتەکانی وەک بازرگانیی، وزە، کشتوکاڵ و بەتایبەتیش پرۆژەکانی گواستنەوەی نەوت و غازیان تاوتوێ کرد کە بڕیارە بە هێڵی عێراق-ئوردن-میسردا تێبپەڕێت.
کۆبوونەوە سێقۆڵییەکان کە لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی-دا دەستیان پێ‌کرد، لەلایەن مستەفا کازمی-یەوە لەژێر ناوی ''دەستپێشخەری نوێی خۆرهەڵات'' فراوانکرا، ئەوەیش نیشانی دەدات کە عێراق خواستی هەیە لە سەردەمی نوێ‌دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا زیاتر پەرەپێدەدات.
مستەفا کازمی دوای ئەوەی بەسەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا، ویستی یەکەم گەشتی دەرەوەی وڵات بۆ سعوودیە ئەنجامبدات، بەڵام بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستیی شا سەلمان ئەوکات سەردانەکە هەڵوەشایەوە و کازمی هەفتەی رابردوو سەردانی سعوودیە-ی کرد.
مستەفا کازمی ئامانجی سەردانەکەی بە "بەهێزترکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوو وڵات و دروستکردنی دۆستایەتی و هەماهەنگی لە ناوچەکەدا" ناوبرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ جێنشینی سعوودیە، شازادە محەمەد بن سەلمان کۆبووەوە و پێنج رێککەوتننامەی جیاوازی لەگەڵ سعوودیە واژوو کرد و دواتر عەمرەی ئەنجامدا.
مستەفا کازمی ئەو پەلامارەشی وەبیرهێنایەوە کە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمدا لەلایەن گرووپێکی سەر بە ئێران-ەوە و لە خاکی عێراق-ەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر کۆشکی شاهانەی سعوودیە ئەنجامدرا و جەختی لەوە کردەوە کە چیتر عێراق نابێتە خاڵی دەستپێکی هیچ پەلامارێک بۆسەر سعوودیە.
ئەم لێدوانانەی مستەفا کازمی دەکرێت وەک دڵنیایییەک بۆ حکوومەتی ریاز لە بەرامبەر ئێران و میلیشیا عێراقییەکانی لایەنگری ئێران، هەڵبسەنگێندرێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، سعوودیە کاتێک سەدام حسێن هێرشیکردە سەر کوێت بەتەواوی سەرجەم پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ عێراق هەڵپەسارد، دواتر لە دوای ساڵی ٢٠١٥، حکوومەتی ریاز، گڵۆپی سەوزی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا هەڵکرد و لە ماوەی رابردووش‌دا دوای ٣٠ ساڵ دەروازەی سنووریی عەرعەر-ی لەگەڵ عێراق کردەوە، هەموو ئەمانەش نیشانەی ئەرێنی بوون بۆ پێشوازیکردن لە مستەفا کازمی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای سەردانەکەی بۆ سعوودیە لە سەرەتای مانگی نیساندا سەردانی ئیمارات-ی کرد و لەگەڵ جێنشینی ئیمارات، شازادەی محەمەد بن زاید و چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
مستەفا کازمی ئەم سەردانەی وەک بەشێک لە سیاسەتی عێراق بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی وەسف کرد. بڕیاری پێکهێنانی ئەنجوومەنی کاری نێوان عێراق- ئیمارات، گەورەکردنی قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بۆ سێ ملیار دۆلار و هەماهەنگی هەواڵگری نێوان هەردوو وڵات لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، وەک پلانی راکێشانی سەرمایەی کەنداو بۆ ناو عێراق و هێرشێک لە دژی ئەو میلیشیا شیعانەی عێراق-یان لاواز کردووە، دەبیندرێت.
پێشتریش لە ١٥ی ئاداردا، سەرکردەی گرووپی عەسائیب ئەهللحەق، قەیس خەزعەلی کە گرووپێکی شیعەی عێراقییە، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە تیمێکی ئیماراتی دەزگای هەواڵگری عێراق دەبەنبەڕێوە، بەڵام دەزگای هەواڵگری ئەم بانگەشەیەی خەزعەلی بەدرۆخستەوە، هەروەها کۆبوونەوەکانی کازمی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەربارەی پرسەکانی هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران-ی نیگەرانکردووە.
لە لایەکی دیکەشەوە بڕیارە لە یەکی ئادارەوە گەشتە راستەوخۆکانی نێوان عێراق و ئیمارات دەستپێبکەنەوە. لەم چوارچێوەیەشدا بەرپرسانی بەغدا پشتیوانی، یارمەتی و پڕۆژەکانی ئیمارات بۆ بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی عێراق کە بەهۆی شەڕی داعش زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و بەتایبەت شاری موسڵ، بە گرنگ دەزانن.
جێی ئاماژەیە بڕیارە سەرمایەی کەنداو هاوکاری نۆژەنکردنەوەی منارەی حەدبا و مزگەوتی نوری بکات کە لە کاتی داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستیی داعشەوە زیانی زۆریان بەرکەوتبوو. لە هەمان کاتدا خواستی وڵاتانی کەنداو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوننەکانی عێراق کە چ لە سەردەمی داعش و چ پێشتر لە سەردەمی حکوومەتە شیعەکانی عێراقدا رووبەڕووی پەراوێزخستن بووبوونەوە، هەروەها نزیکبوونەوەی کازمی لە لایەنە سوننەکان و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵیان وادەکات لە کاتی هەڵبژاردندا پشتیوانی لایەنە سوننەکان بۆ کازمی زیاد بکات.
لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەری لێکنزیکبوونەوەی ئیدارەی جۆ بایدن لە ئێران و دانوستانەکانی نێوانیان ئەگەری هەیە، هەژموونی وڵاتانی کەنداو لە عێراق سنووردارتر بکات، هەربۆیە سعوودیە و ئیمارات دەخوازن کاریگەری خۆیان لە عێراق-دا بەرجەستەتر بکەن.
- هه‌وڵدان بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی له سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه
مستەفا كازمی هه‌وڵ ده‌دات كاریگه‌ری ئه‌م لایه‌نانه كه‌م بكاته‌وه كه راسته‌وخۆ كه‌وتوونه‌ته ژێر هه‌ژموونی ئێران كه دوای داگیركردنی عێراق له ٢٠٠٣ له‌ناو حكوومه‌تی فیدراڵی و داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا به‌هێزبوون و له كاتی جه‌نگی عێراق و ئێرانیشدا لایه‌نه سیاسی و چه‌كدارییه‌كانی شیعه دژبە سه‌دام وه‌ستانه‌وه. مستەفا كازمی، هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا وڵاته‌كه‌ی له هێڵی ئێران بهێنێته ده‌ره‌وه و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه هاوسه‌نگ رابگرێت و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا خۆش بكات. له لێدوانه‌كانیشدا پێ ده‌چێت كه په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، ئێران، توركیا و وڵاتانی كه‌نداو باش بكات و له كۆبوونه‌وه‌كانی گفتوگۆی ستراتیجی وڵاته‌كه‌یشی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا نایه‌وێت عێراق ببێته گۆڕه‌پانی ململانێی نێوان ئه‌مریكا و ئێران.
هه‌روه‌ها له سیاسه‌تی ناوخۆیشدا ده‌بیندرێت كه مستەفا كازمی هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و گرووپه چه‌كداره شیعانه‌ی ناو حه‌شدی شه‌عبی كه له ئێرانه‌وه نزیكن كۆنترۆڵ بكات كه ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه له حكوومه‌تی عێراقیش ده‌كه‌ن و به مووشه‌ك هێرشیانكردووه‌ته سه‌ر نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مریكا له عێراق، هه‌روه‌ها هه‌نگاوی جددیشی ناوه بۆ زیادكردنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر كارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌تدا، هه‌روه‌ها پێداگیره له سه‌روه‌ری عێراق و ده‌بیندرێت كه له هه‌وڵدایه له رێگای پشتگیریكردن له‌و گرووپانه‌ی له‌گه‌ڵ دیالۆگدان له‌گه‌ڵ گرووپه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی وه‌ك كورد و سوننه‌كان كه له‌لایه‌ن كابینه‌كانی پێشووی شیعه‌كان له عێراق په‌راوێزخراون سیاسه‌تی هاوسه‌نگی په‌یڕه‌و بكات.
لاوازبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاتانی كه‌نداو له‌گه‌ڵ عێراق دوای داگیركردنی كوێت، دوای داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه و په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی مه‌زهه‌بگه‌رایی له‌لایه‌ن نوری مالیكی-یه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كان له زۆر رووه‌وه هێنده‌ی دیكه ئاڵۆزتربوون. مستەفا كازمی له‌ئێستادا له هه‌وڵدایه په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو پته‌وتر بكات. له كاتێكدا ئه‌مریكا هه‌وڵی پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌دا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانی له كه‌نداو، مستەفا كازمی ده‌یه‌وێت هاوسه‌نگی بۆ گوشاری ئێران له‌سه‌ر عێراق دابنێت، له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه له بواری ئابووری و وزه‌دا، جێگره‌وه بۆ ئێران و توركیا دابنێت، به‌رله نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنیش له سیاسه‌تی ناوخۆدا سه‌رمایه بهێنێته‌وه ناو عێراق و به جه‌ختكردنه‌وه له ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی، سوننه‌كان له‌خۆی نزیك بكاته‌وه و كاریگه‌ری چه‌كداره شیعه‌كانی نزیك له ئێرانیش كه‌م بكاته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه به‌پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له میدیای ئێران‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه سه‌ردانه دوو رۆژیه‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی بۆ عێراق له ٤ی نیسان كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ گه‌شته‌كه‌ی مستەفا كازمی بۆ وڵاتانی كه‌نداو ده‌ستی پێكردووه، به‌رله ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌كانی گفتوگۆی ستراتیجیی عێراق و ئه‌مریكا له حەوتی نیساندا وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی تاران ده‌خوێندرێته‌وه كه ئێران نایه‌وێت كاریگه‌رییه‌كانی خۆی له‌سه‌ر عێراق بۆ وڵاتانی كه‌نداو جێ بهێڵێت. كاتێك سه‌رنج ده‌درێته سه‌ر بنكه‌ی ئایدۆلۆجی ئێران له عێراق، بیرۆكراسی، هێزه چه‌كداره‌كان و لایه‌نه سیاسییه‌كانی نزیك له ئێران له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌كرێت هه‌وڵدان بۆ هاوسه‌نگڕاگرتنی هه‌ژموون له عێراق به‌شێوه‌یه‌كی سنووردار ده‌مێنێته‌وه.
كاتێكیش سه‌یری ئه‌وه ده‌كرێت كه كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسیت وه‌ك مستەفا كازمی كه ئارەزوو ده‌كات له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و ناوخۆدا، مه‌ودایه‌ك له‌گه‌ڵ ئێران دابنێت، ناچاری دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێكی به‌رده‌وام له عێراق و نادیاری وڵات له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا له گه‌ڵیدا بخه‌مڵێندرێت، ده‌بیندرێت كه له رێگای وڵاتانی كه‌نداوه‌وه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ژموونی قوڵی ئێران له عێراق زه‌حمه‌ته.
[شۆخان شێرزاد قادر كه له فاکەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن زانكۆی سۆران قوتابی دكتۆرایه، وه‌ك لێكۆڵه‌ر و مامۆستای زانكۆ له كۆلێژی زانسته سیاسییه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین/هه‌ولێر كار ده‌كات.]