ههولێر
هونهرمهندی ناوداری كورد شڤان پهروهر، داوا له كهسه نزیكەکانی دەکات كه بەشداریهكی چالاك له سیاسهتدا نهكهن و خۆیان بۆ ههڵبژاردنه گشتیهكهی 7ی حوزهیرانی توركیا کاندید نەکەن.
لەو بارەیەوە، پەروەر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لە كاتێكدا لە وڵاتانی پێشكەوتووی دیموكراسیدا جۆشوخرۆش و كەمپینی هەڵبژاردن پێش مانگێك لە دەستپیكی هەڵبژاردنەكان دەست پێ دەكات، بەڵام لە وڵاتی ئێمە 6-7 مانگ پێش دەستپێكی هەلبژاردنەكان دەست پێ دەكات. هەندێ كەس بە كەسانی خانەوادەكەشمەوە كە خۆیان وابەستەی ئەو جۆشوخرۆشە دەكەن رەنگە هەڵەیەكی گەورە بكەن. تا ئیستا ئەندامانی خێزانەكەم بەشێوەیەكی چالاك نەچوونەتە نێو پارتە سیاسیەكانەوە و تا ئەم هەڵبژاردنە گشتیەش لەگەڵ هیچ پارتێكی سیاسی ڕێككنەكەوتوون. هەندێ جار هەواڵی ناراست بە ئەنقەست بڵاودەكرێنەوە، بەڵام لە بارەی ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە ئەندامانی خانەوادەكەم بڵاوكراونەتەوە، بۆچوونی من لەلایەن هیچ كەسێكەوە وەرنەگیراوە و ئاگادار نەكراومەتەوە لێی. تەنانەت لە راگەیاندنەكاندا هەواڵم لەبارەی ئەندامانی خانەوادەكەمەوە بیست. بۆیە پیشنیازی من بۆ ئەندامانی خانەوادەكەم ئەوەیە كە لە هەڵبژاردنەكەی 7ی حوزەیراندا بەشداریەكی چالاك نەكەن لە سیاسەتدا.
گوتیشی: "لە كاتێكدا من بە هونەرێكەوە سەرقاڵم كە دژی ئەو هێرش، تاڵانی و دەستدرێژیەیە كە لە جوگرافیەكەماندا دەكرێتە سەر گەلەكەمان و زۆر كەمایەتی دینی دیكە (كۆبانێ)، لە راگەیاندن و ڕای گشتیدا وا نیشاندەدرێت وەك ئەوەی بڵێی لە هەڵبژاردنەكاندا لایەنگری لایەنیك بم، لەبەرئەوە هەڵوێستیكی دروست نییە ببمە بابەتی بانگەشەكان. بەدڵنیاییەوە ئیرادە و بۆچوونی سیاسیم هەیە و لە كاتی پێویستدا لەرێگەی هونەرەكەمەوە بە بەردەوامی پەیام بڵاودەكەمەوە. جگە لەوە بیرلەوە ناكەمەوە بەشێوەیەكی چالاك بچمە سیاسەتەوە. لەگەڵ رێزم بۆ ئیرادەی ئازاد و جوڵە و بڕیاری هەموو كەسێك، پیشنیاز دەكەم ئەندامانی خانەوادەكەم لەم هەڵبژاردنەدا نەبنە كاندید."
لە درێژەی بەیاننامەكەیدا هونەرمەندی دیاری كورد شڤان پەروەر ئاماژەی بەوە كرد، كە لە كانوونی یەكەمی رابردوودا و لە سەختترین رۆژەكانی بەرگری كۆبانێدا دەستپیشخەریەكی هەبووە بۆ سەردان كردنی كۆبانێ، بۆ بەرزكردنەوەی ورەی هێزە بەرگریكارەكانی كورد لە سەر خاڵی سنووری سوروچ كۆنسێرتێك بۆ دەیان هەزار كەس ساز بكات، بەڵام بەداخەوە وەڵامی وەرنەگرتەوە، گوتیشی: بەپێی توانای خۆم بەگۆرانی باسم لە تراجیدیای شەنگال و بەرخۆدانی كۆبانێ كردووە و هەوڵمداوە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە بە گەلەكەمی بگەیەنم. پلانیشم هەیە لە داهاتوودا بە داستانی هونەری زیاتر بەرەو پێشی بەرم و ئەم قارەمانیە مەزنە بۆ هەمیشەیی بهێڵمەوە.
مەحەمەد ئایگیون، برازای پەروەر رایگەیاندبوو كە لە شاری ئۆرفا لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) خۆی كاندید دەكات، باوكی مەحەمەد ئایگیونیش خالید پەروەر ئایگیون بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە خۆی و براكەی شڤان پەروەر پشتیوانی لە كوڕەكەی دەكەن.