هەولێر
كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر ئالان كۆیبراتی ئامادەی كردنەوەی پێشانگەكە بوو كە پتر لە 40 وێنەی لەخۆ گرتبوو.
پەیمانگەی فەڕەنسی رۆژهەڵاتی نزیك بەهەماهەنگی بەشی شوێنەوار لە هەریەك لە پەیمانگەی فەڕەنسی لە هەولێر و زانكۆی سەڵاحەدین پێشانگەیەكی فۆتۆگرافی بە ناونیشانی" گەنجینەی شوێنەوارە مەسیحییەكان لە كوردستان، دەوڵەمەندییەك بۆ مرۆڤایەتی" بۆ مامۆستای شوێنەوار لە زانكۆی سەڵاحەدین دكتۆرە نەرمین عەلی محەمەد لە باڵەخانەی پەیمانگەی فەڕەنسی رۆژهەڵاتی نزیك لە نێو قەڵای هەولێر كردەوە.
پاش بڕینی شریتی پیشانگەكە لەلایەن كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر ئالان كۆیبراتی و سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین د.ئەحمەد دزەیی و سەرۆكی پێشووی زانكۆ د. محەمەد خۆشناو و وەزیری پێشووی رۆشنبیری حكوومەتی هەرێم كاوە مەحموود چەپڵەی كردنەوە لێدرا.
دواتر جێسیكا ژیرۆن بەناوی پەیمانگەی فەڕەنسی رۆژهەڵاتی نزیك لە گوتەیەكدا بەخێرهاتنی میوانانی كرد و گوتی لە پەیمانگە گرنگیی بە شوێنەوارەكانی عێراق بە گشتی دەدەین و كار دەكەین بۆ دەرخستنی بەهای ئەو شوێنەوارانە، ئاماژەی بۆ گرنگیی شوێنەواریش كرد و گوتی: "ئەم پێشانگەیە بۆ دەرخستنی شوێنەوارە مەسیحییەكانە لە هەرێمی كوردستان كە مێژوویەكی زۆرییان هەیە و بوون بە بەشێك لە كولتووری دانیشتووانی ئەم وڵاتە".
كردنەوەی ئەو پێشانگەیە لە كاتێكدایە ماوەیەكە چەكدارانی داعش بەشێوەیەكی چڕ دەستیان داوەتە وێرانكردن و بەتاڵانبردنی شوێنەوارە كۆن و گرنگەكانی شاری مووسڵ كە پاش وێرانكردنی شوێنەوارەكانی نێو مۆزەخانەی شارستانی مووسڵ لە چەند رۆژی رابردوو، دواتر شوێنەوارەكانی حەزەر و نەمرودیشیان وێران كرد كە بەلای شارەزایانەوە ئەو رووداوە هاوشێوەی تەقاندنەوەی پەیكەرەكانی بوزایە لە ئەفغانستان لەلایەن چەكدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانەوە لە ساڵی 2001.
سەرپەرشتیاری پێشانگەكە د.نەرمین عەلی محەمەد لە وتەیەكدا لەبەردەم ئامادەبووانیپێشانگەكە گوتی: "ئەم پێشانگەیە بۆ خستنەڕووی بایەخی شوێنەواری هەرێمی كوردستانە بە گشتی و سەرەتا بە خستنەڕووی بەشێكی شوێنەوارە مەسیحییەكان دەستمان پێ كردووە و دواتریش پیشانگە بۆ شوێنەواری ئیسلامی و ئێزدی و كەمە نەتەوەكانی دیكەش دەكەینەوە".
گوتیشی: "دەمانەوێ بایەخی ئەو شوێنەوارانە بۆ ئامادەبووان روون بكەینەوە كە لێرەدا وێنەگەلێكی زۆر هەن و شیكردنەوەی ئەو شوێنەوارانەشیان لەسەرە".
دواتر ئامادەبووان بە وردبوونەوە لەو وێنانەی كە پتر لە 40 وێنە بوون تەماشای سەلیقەی مرۆڤەكانییان دەكرد كە توانیویانە ئەو شوێنەوار و شوێنە بە بایەخانە بونیاد بنێن.