Hemin Hüseyin
28 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2018
هەولێر - AA
شاندی بەشێک لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان بیست کەس دەبێت، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، سەردانی شاری نەجەف دەکەن بۆ بەشداریکردنییان لە سمینارێک کە پەیمانگای مێری رێکیخستووە، ئەندامێکی ئەو شاندەش رایدەگەیەنێت کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا، باسی ئەوە دەکەن کە نابێت ئیتر شیعەکان بۆنە ئایینییەکانییان بەکاربهێنن بۆ بارگاویکردنی شەقام لە دژی هەرێمی کوردستان و ئاماژەش بەوە دەکات کە سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، شەڕی دەروونی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و پێویستە رێگاچارەیەک بۆ ئەم کێشانە بدۆزرێتەوە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە، کە ئەندامی شاندەکەشە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئیتر ناتواندرێت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، رێککەوتن بکرێت، چونکە ئەمڕۆ شتێک دەڵێت و سبەی پەشیمان دەبێتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر متمانەی پەیوەندییەکان دەبێت چونکە لە کاتێکدا ئومێدێکی گەورە بە خەڵک دەبەخشێت و لەپڕ ئەو ئومێدە ناهێڵێت".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە زۆربەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەبادی، خۆ بە پاڵەوانزانیینە لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا، لە کاتێکدا تەنھا خۆی پاڵەوانی ئەو سەرکەوتنە نییە و هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەشدارن لەو سەرکەوتنەدا.
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکرد کە، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ لایەنە شیعییەکان باس لەوە دەکەن کە، نابێت بۆنە ئایینییەکان و چلە و عاشوورا و رەوزەی شیعەکان، بۆ بارگاویکردنی شەقامی شیعی لە دژی ھەرێمی کوردستان بەکاربھێنرێت.
ھەروەھا راشیگەیاند کە پێشتر بنەمایەک ھەبوو لایەنەکان لەسەری رێکدەکەوتن، ئەویش پڕەنسیپی رێککەوتن و تەوافوق بوو، ئێستا ئەو بنەمایانە پشتگوێخراوە و پێویستە سەر لە نوێ کاری لەسەر بکرێت.
هەر لەسەر زانیاری زیاتری ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان بۆ شاری نەجەف، سەعدی پیرە گوتی: "ئەو شاندە، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نین، بەڵکو شاندی پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانین و، بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا و لێکتێگەیشتن بەشداری لە سمینارێکدا دەکەین و دواتریش سەردانی مەرجەعییەت دەکەین و کۆبوونەوە لەگەڵ کەسایەتی پێکهاتەی شیعیی دەکەین بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا".