Cemal Sargati
18 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2017
سلێمانى-AA
رۆژی یەک شەممەی رابردوو لهسهر بانگهێشتى كۆمارى ئیسلامى ئێران، شاندێكى یهكێتى نیشتیمانى كوردستان به سهرۆكایهتى جێگرى یهكهمى شكرتێرى گشتى یهكێتى نیشتیمانى كوردستان، كۆسرهت رهسوڵ سهردانى ئهو ووڵاتهیان كرد و چهندین كۆبوونهوهیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئهنجامدا. ئێوارەی ئەمڕۆش شاندەکە لە ڕێگهى فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی سلێمانیەوە گەیشتنەوە ھەرێمی کوردستان.
دوای گهڕانهوهیان، له فرۆكهخانهى نێودهوڵهتى سلێمانى، بهرپرسی دهستهى کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەلا بەختیار، كه ئهندامى شاندهكه بوو، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند :" لەلایەن بەرپرسانی باڵای کۆماری ئێسلامی ئێرانەوە، بەفەرمی بانگھێشتی تاران کراین و ئێمهش بەسەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ عەلی، گەشتەکەمان ئەنجامدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران چوار کۆبوونەوەی فەرمیمان ئەنجام دا".
گوتیشى: "لە کۆبوونەوەکاندا بەشێوەیەکی ھەمەلایەنە باسی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و نیگەرانییەکانی نەتەوەی کوردمان کردووە، دوای کۆبوونەوەکان، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری خۆیان لەسەر تەوەری گفتوگۆکان بە ئێمە راگەیاندووە".
مهلابهختیار گوتیشی: "بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە بە ئێرانمان ڕاگەیاندووە، ئێمە لە کۆنگرە نێونەتەوەییەکاندا لە دۆخی عێراق و لە شەڕی دوای داعش وەکو میللەتی کورد دڵنیا نیین، بۆیە بڕیاری ڕیفراندۆم ڕێگای گەرەنتی ئایندەی میلەتەکەمانە، ئەو پرسە بە تەنھا بڕیاری لایەنێکی سیاسی دیاری کراو نییە، بەڵکو بڕیای ھەموو حزبە کوردستانییەکانە بەبێ جیاوازی، كه نزیکەی ١٥ حزب لەسەر پرسی ڕیفراندۆم کۆ بووینەتەوە و ھەمووی پاڵپشتی لەو پرسە نیشتمانییە دەکەن".
بهرپرسی دهستهى کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی، جهختی كردهوه :" لە کۆبوونەوکاندا ئەوەمان بۆ بەرپرسانی ئێران ڕوونکردەوە، ئێوە چۆن حساب بۆ سیاسەتی خۆتان له عێراق دەکەن، بێگومان ئێمەش وەک میللەتی کورد بیر لە چارەنووسی خۆمان دەکەینەوە".