Heman Hussein Yaseen
15 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2020
ههولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی رای گشتیی کردووە، ھۆشداری دەدات لە دووبارەبوونەوە و فراوانبوونی بەردەوامی ھێرشە تیرۆرستییەکان لە عێراق، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور کە دۆخێکی زۆر مەترسیدار و ئاڵۆزی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە تەواوی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکان ھێناوەتە ئاراوە و ماوەیەکی درێژە ھەڕەشەی کوشتن و رفاندن و دەرکردنیان لەسەرە و بەم دواییانەش بەردەوام بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان دەسووتێنرێن و رۆژانە دەکرێنە ئامانجی ھێرشی دڕندانەی تیرۆریستیی و شەھید دەکرێن.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا راشیگەیاندووە کە وەک چەندینجار پێشتریش ھۆشدارییان لە ترسناکیی دۆخەکە داوە، هەروەها دووپاتیشی کردووەتەوە کە بەردەوامیی ئەم دۆخە ھەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری و پێکەوەژیان دەکات و بۆ رووبەڕووبونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییان و پێکھاتەکانی ئەو ناوچانە، میکانیزمێکی کاراتری ھەماھەنگیی حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان و ھاوکاریی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان و بەردەوامیی پشتیوانیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش پێویستە، چونکە تیرۆریستان بۆشایی ئەمنیی ئەو ناوچانەیان قۆستووەتەوە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیش لەم پێناوەدا ھەموو ھەوڵ و تواناکانی دەخاتە گەڕ.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژە بە رووداوەکانی ئەم دواییە دەکات و ھاتووە "دوایین ھێرشی تیرۆریستیی بۆ سەر دوو دێی کاکەیی لە ناوچەی خانەقین کە لە ئەنجامدا ژمارەک ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون، نموونەیەکی بەرچاوی پەرەسەندنی ترسناکی و ئاڵۆزیی دۆخەکەن کە دەبێت ھەنگاوی خێرا بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەیان بگیرێتە بەر".