Sarmand Hameed
07 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان کردووە وەک فاکتەرێکی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا، هەورەها بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگیی یەکێتیی ئەوروپاشی بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە شەڕی تیرۆردا، دووپات کردووەتەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی هەڵوێستی دۆستانەی یەکێتیی ئەورووپا لە پشتگيریکردنی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی رۆڵی چاودێرانەی تیمەکانی یەکێتی ئەورووپای کردووە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە ئاراستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە ماف و خواستی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بکات.
مەسرور بارزانی هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت و یەکسانی و دادپەوروەری و شەراکەتی راستەقینە ببنە بنەمای حوکمڕانییەکی تەندروست لە عێراقدا.
پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی و دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.