Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
22 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
لە هەولێر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانى و باڵیۆزى یەکێتیى ئەورووپا لە عێراق، مارتن هووس کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کە نوێنەرى یەکێتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، هەنگاوەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و لێکەوتەکانى بەتایبەتى لە بوارى ئابووریدا، مەترسییەکانى تیرۆر و جموجۆڵەکانى داعش، پرۆسەى سیاسى و ئەرکى حکوومەتى نوێی عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، تاوتوێ کراون.
راشیانگەیاندووە دوایین پێشهاتەکانى گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکوومەتى عێراقی فیدرال، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بووە و نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردووەتەوە کە کێشەکانى هەولێرـ بەغدا بەتەنها بابەتى مووچە و بوودجە نییە و سەقامگیریى عێراق و چارەسەرکردنى کێشەکانى هەولێرـ بەغدا دوو بابەتى پێکەوە بەستراون، یەکێتیى ئەورووپا و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیش دەتوانن هاوکاریى عێراق بکەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پشتگیریى خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دەربڕیووە و دەربارەى چەند تەوەرێکى دیکەى وەک پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ، رۆڵى یەکێتیى ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى ئەورووپى لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بیروڕایان گۆڕییوەتەوە.