Sarmand Hameed
28 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2022
هەولێر - AA
محەمەد شیاع سوودانی وەک سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەست بەکاربوو.
بەگوێرەی ئەو وێنانەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوبووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، محەمەد شیاع سوودانی بە رێوڕەسمێکی فەرمی لە کۆشکی حکوومی وەک سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست بەکاربوو.
لە وێنەکاندا ئەوە دەبینرێت کە محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، مستەفا کازمی کۆبووەتەوە و دەسەڵاتیان ئاڵوگۆڕ کردووە.
لای خۆیەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لەگەڵ بڵاوکردنەوەیەک وێنەیەک لە کاتی هاتنی بۆ کۆشکی حکوومی، نووسیوویەتی: "بە فەرمی ئەرکەکانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانمان وەرگرت، لە میانی رێوڕەسمی رادەستکردن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشوو، مستەفا کازمی".
رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە تایبەت بوو بە متمانەدان بە ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەت، متمانە بە کارنامە و ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی درا.
رۆژی ١٣ی تشرینی یەکەم، عەبدوللەتیف رەشید، دوای هەڵبژاردنی بە سەرکۆماری عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ راسپارد.