Zana Natık Kerem
18 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە بنکەیەکی دەنگدان لە ناوچەی سەوزی ناوەڕاستی بەغدا دەنگی دا و داوا لە دەنگدەرانی عێراق کرد کە بەشێوەیەکی کارا و بەرچاو بەشداری لە ھەڵبژاردنەکەدا بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سوودانی لە میانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە قوتابخانەی وەتەن لە شاری بەغدا دەنگی دا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای ئەوەی دەنگی دا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ بۆ عێراق، رۆژێکی نیشتمانییە و پیرۆزبایی لە گەلی عیراق دەکەم بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە مافێکی دەستوورییە و زیاتر لە ١٠ ساڵە ئەنجام نەدراوە".
محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەیشدا کە دەنگدان مافێکی دەستوورییە بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وڵاتدا و گوتی: "ئەنجوومەنی پارێزگاکان نوێنەرایەتیی خەڵکی پارێزگاکان دەکەن بۆ راییکردنی کارەکانیان".
سەرۆکوەزیرانی عیراق باسی لەوەیش کرد کە لە میانی ئەم ھەڵبژاردنە، حکومەتی خۆجێیی پێکدەھێندرێت کە برتیین لە ئەنجوومەنی پارێزگا و دەست نیشان کردنی پارێزگار کە بە دووەمین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە وڵات دادەندرێت و گوتی: "داوا لە دەنگدەرانی عێراق دەکەم بەشێوەیەکی کارا و بەرچاو بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکەن، کەسانی بە توانا و لێھاتوو ھەڵبژێرن".
محەمەد شیاع سوودانی ڕاشیگەیاند، ئەرکی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان جێبەجێی کردووە و جەختیش لەوە کردەوە کە ھێزە ئەمنییەکان لە ھەموو پارێزگاکان بڵاوکراونەتەوە و پرۆسەکەیش لە کەشێکی سەقامگیردا بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە دەنگی بە کام کاندید داوە، گوتی: "دەنگم بە کەسێکی بەتوانا و لێھاتوو داوە".
ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی بەیانییەوە دەست پێ کرد و پڕۆسەکەیش لە کاتژمێر ١٨:٠٠ کۆتایی دێت.