Sarmand Hameed
27 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدوللەتیف رەشید بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان.
لەو راگەیەندراوەی کە لە پارێزگای هەولێرەوە بڵاوکراوەتەوە، شەوی سێشەممە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، عەبدوللەتیف رەشید گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رێبەرئەحمەد و پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشاو، پێشوازیی لێکرا.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، بڕیارە سەرکۆماری عێراق و شاندی یاوەری کە پێکهاتووە لە وەزیری ڕۆشنبیری، وەزیری پەروەردە، وەزیری ژینگە، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی عێراق و ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق، لە چوارچێوەی بەرنامەیەک سەردانی پارێزگاکان بکات و لەم نزیکانەش سەردانی پارێزگای نەینەوا دەکەن.
لەلایەن وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرکۆماری عێراق و شاندی یاوەریکرا بۆ هەولێر و هیوای سەرکەوتنی بۆ سەردانەکەیان خواست.