Mohammed Hamood Ali Al Ragawi,Sarmand Hameed
27 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2022
ئەڵمانیا - AA
هەناردەی چەکی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتووەتە ٨.٣٥ ملیار یۆرۆ (٨.٩ ملیار دۆلار).
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، حکوومەتی ئەڵمانیا لە وەڵامێکی نووسراودا بۆ پرسیارێکی پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەناردەی چەکی وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتووەتە ٨.٣٥ ملیار یۆرۆ کە دەکاتە ٨.٩ ملیار دۆلار و ئۆکراینا گەورەترین وەرگری چەکی ئەو وڵاتە بووە لەم ساڵەدا.
حکوومەتی ئەڵمانیا راشیگەیاندووە کە لە دەستپێکی سەرهەڵدانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ٢٤ی شوباتەوە، بە بەهای ٢.٢٤ ملیار یۆرۆ چەکی گەیاندووەتە ئۆکراینا.
هەر لە وەڵامەکەی حکوومەتی ئەڵمانیادا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەو چەکانەی کە ئەڵمانیا بۆ ئۆکراینا ناردووە بریتی بووە لە ٣٠ تانکی جۆری "گیبارد" و ١٤ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی جۆری "Howitzer" و "Iris-T"
وێڕای پێداگری حکوومەتی ئەڵمانیا لەسەر ئەوەی کە "سیاسەتی دەرەکی ئاشتیانە و هاندانی داماڵینی چەک لەسەر جیهان" پەیڕەو دەکات، بەڵام زیادبوونی بەردەوامی هەناردەکردنی چەک لەلایەن حکوومەتی ئەڵمانیاوە رەخنەی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئەڵمانیا لە دوای هەریەک ئەمریکا، رووسیا، فەڕەنسا و چین پێنجەم گەورەترین هەناردەکاری چەکە لە جیهاندا.
بەهای هەناردەی چەکی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتبووە ٩.٣٥ ملیار یۆرۆ (٩.٩ ملیار دۆلار).