Heman Hussein Yaseen
28 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2020
هەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە شاری سلێمانی پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆسرەت رەسوڵ عەلی کرد.
بەپێی هەواڵێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرکۆماری عێراق، لە دیدارەکەدا دوا گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و چەند پرسێکی گرنگ گفتوگۆی تێروتەسەلی لەبارەوەکرا.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە دیدارەکەدا ھەردوولا جەختیانکردەوە لە پێویستی ھەماھەنگی لە نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی ئێستا، بە ئاراستەی بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسی و ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵک لە ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەرانی شایستەدا.
لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە، سەبارەت بە بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، سەرکۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی ھاوڕابوون لەسەر چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و، گەیشتن بەرێگاچارەی کۆتایی لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی بەرژەوەندی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان بێ جیاوازی.
جەخت لەوەشکراوەتەوە کە، لە دیدارەکەدا باس لە پرسە سیاسییەکانی ئەم دواییە کرا و دووپاتکرایەوە لە گرنگی ھاندانی لایەنە سەرەکییەکان بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ و گفتوگۆی جددی بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاوی ھاوبەش بۆ دەرچوون لەو دۆخە چەقبەستووەی ئێستا و ئەنجامدانی چاکسازییە گرنگەکان بۆ خزمەتکردنی خەڵک.