توركيا, سياسەت, جيهان

سەرکۆمار ئەردۆغان: "ئیدی سەردەمی تیرۆر و کاری نایاسایی کۆتایی هاتووە"

سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "(تورکیای بێ تیرۆر) داوا لە هەمووان دەکەین بەبێ خۆدزینەوە و دەستبەرداربوونی عەقڵی سەلیم، گەشبین و هیواخوازانە چاودێری پێشهاتەکان بکەن".

Gazi Nogay  | 14.05.2025 - نوێکردنەوە : 15.05.2025
سەرکۆمار ئەردۆغان: "ئیدی سەردەمی تیرۆر و کاری نایاسایی کۆتایی هاتووە"

TBMM

ئەنقەرە - AA

سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ئامانجی 'تورکیای بێ تیرۆر' ڕایگەیاند: "داوا لە هەمووان دەکەین بەبێ خۆدزینەوە و دەستبەرداربوونی عەقڵی سەلیم، گەشبین و هیواخوازانە چاودێری پێشهاتەکان بکەن".

لە میانی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاک پارتیدا لە پەرلەمانی تورکیا، سەرکۆمار و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.

لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ئەگەر بە پارادیگمای کۆن بەردەوامبوونایە لەسەر ڕێگا نەک بە دیدگاکانی ٢٠٢٣ و سەدەی تورکیا، ئەوا نەدەتواندرا لە پرسی 'تورکیای بێ تیرۆر'دا بگەنە ئەم خاڵە.

سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیان کردووە لەوەی کێشەی تیرۆر کە پاشخانێکی قووڵی هەیە بە عەقڵ و ویژدانی هاوبەش لەسەر بنەمای "یەک گەل، یەک ئاڵا، یەک نیشتمان و یەک دەوڵەت" کۆتایی دێت و، گوتی: "تەماشا بکەن گوتەیەکی جوان هەیە کە دەڵێت 'لە تاوانێکدا کە تاقی نەکرابنەوە بەبێ تاوان ئەژمار ناکرێن'. ئێمە وەک دەولەت و گەل بە تیرۆر تاقیکراینەوە، هەمیش بە قورسترین شێوە تاقی کراینەوە. باجەکەشیمان دا، وانەشمان ڵێوەرگرت و لە کۆتاییدا گەیشتینە قۆناغی ڕزگاربوونی تەواوەی لەم موسیبەتە. لەلایەکی دیکەوە هەر پێشهاتێک لە ناوچەکەماندا ڕوویداوە، نیشاندا کە تیرۆر ناتوانێت هیچ ئەنجامێکی خێری هەبێت. ئیدی سەردەمی تیرۆر، چەک، توندوتیژیی و کاری نایاسایی کۆتایی هاتووە. لە کاتێکدا ڕێگای ڕەوا و پەسەند هەیە، گەڕان بەدوای ڕێگای دیکەدا نەک هەر ناعەقڵانییە، بەڵکو دژی ڕۆحی سەردەمیشە. کەس ناتوانێت بانگەشەی پێچەوانەی ئەمە بکات".

ڕاشیگەیاند: "لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری ڕێکخراوی تیرۆریستیی بۆ 'خۆهەڵوەشاندنەوە و چەک دانان' لە هەوڵەکانی 'تورکیای بێ تیرۆر'ماندا چووینە لاپەڕەیەکی نوێوە. زۆر گرنگە قۆڵەکانی سووریا و ئەورووپای ڕێکخراوەکەش ئەم ڕاستییانە ببینن و، بەشداری لە پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەک داناندا بکەن".

سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە خوازیارن تورکیا نەک بە تیرۆر، بەڵکو بە تەکنەلۆجیا، کلتوور، هونەر و بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی و دیموکراسیی ناوی بهێندرێت.

گوتیشی: "ئەو خاڵەی پێیگەیشتووین ئەگەر سەرکەوتنێکی گرنگ و بەرچاو بێت، ئەوا خاوەنی ئەمە هەر ٨٦ ملیۆن کەسەکەی ئەم وڵاتەیە".

هەر سەبارەت بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەو دەرفەتانەی سیستمی حکوومەتی سەرۆکایەتی کۆمار دابینیکردووە، هاوکاری گرنگ بوون لەوەی پرۆسەکە بەبێ کێشە هەتا ئەمڕۆ بگات".

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە بڕیاری (خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە) کرد و، ڕایگەیاند: "بێگومان ئەوەی سەرەکيیە دەبێت جێبەجێ بکرێت. دەزگای هەواڵگری نیشتمانییمان بە وریاییەوە بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکات کە بەڵێنەکان دەبرێنە سەر یان نا".

گوتیشی: "داوا لە هەمووان دەکەین بەبێ خۆدزینەوە و دەستبەرداربوونی عەقڵی سەلیم، گەشبین و هیواخوازانە چاودێری پێشهاتەکان بکەن".

هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان بانگەوازێکی ئاڕاستەی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیی کرد و ڕایگەیاند: "داوا لە وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیی دەکەم بە تێگەیشتنی قازانجی دوولایەنە وەبەرهێنان لە ناوچە ئابوورییەکانی وڵاتەکەماندا بکەن".

گوتیشی: "بەخێرایی هەموو کانزاکانمان بە تایبەت نەوت دەخەینە ژێر فەرمانی گەلەکەمان".

سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو کە سەردەمێکی نوێ چاوەڕوانمانە نەک تەنیا لە ڕووی ئاسایش و ئارامییەوە، بەڵکو لە زۆر پرسدا هەر لە گەشتوگوزارەوە هەتا کلتوور، لە وەبەرهێنانەوە هەتا ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و، گوتی: "(توورکیای بێ تیرۆر)پشتیوان بە خودا ئەم دەرفەتە مێژووییە بەبێ ئەوەی بەهۆی حساباتی بچووک یان گەمە نێودەوڵەتییەکانەوە بەفیڕۆ بدرێت، لە کەشێکی دڵسۆزانەدا بە ئامانج دەگات".

سەبارەت بە پێگەی تورکیا لە ناوچەکە و جیهاندا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بێگومان یەکێک لەو وڵاتانەی لە چارەسەری قەیرانە هەرێمیی و جیهانییەکاندا داوای پشتیوانیی، هاوکاری و نێوەندگیری لێدەکرێت تورکیایە".

گوتیشی: "ئێمە بە تێگەیشتنێکی پێداگرانە، ئارامگر، نیاز باش و بنیاتنەرەوە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ ئەوەی ئامانجی 'تورکیای بێ تیرۆر' بە مەنزڵ بگەیەنین".

سەبارەت بە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا بەڕێز ترەمپ دەکەم کە دوای ئەو پەیوەنديیە تەلەفۆنییەی هەفتەی ڕابردوو ئەنجامماندا ڕایگەیاند سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرین".

لە بارەی دۆخی غەززەش سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "پشتیوان بە خودا ئومێدەوارین لەم نزیکانەدا هەواڵێکی خۆش لە بارەی غەززە ببیستین کە سوکنایی بە دڵەکان بدات".

ڕاشیگەیاند: "متمانەم بە پشتیوانی ترەمپی هاوڕێم هەیە بۆ ئەو هەوڵانەمان کە دەیدەین بۆ کۆتایی هێنان بەو تراژیدیا مرۆییەی لە غەززە گەیشتووەتە ئاستی دڕندەیی".

سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لە بارەی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەو لێکۆڵینەوەیەی لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت دیارترین نموونەی ئەم تابلۆ شێواوەیە و، ڕەنگە نموونەی ڕێکخراوی تاوانکاری بێت کە هاوشێوەی نییە لە مێژووی کۆماردا".

گوتیشی: "وادیارە ئەو کارانەی ئەنجامدراون تاوانی ڕێکخراوەییان لە گەندەڵی وزەوتکردن تێپەڕاندوەو گەیشتوەتە ئاستێک هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەکات".

سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو کە گفتوگۆکردن لە بارەی پرسی حکوومەتە خۆجێیەکان و شارەوانییەکان بە هەموو ڕەهەندەکانییانەوە و هێنانەدی شیرازەیەکی نوێ بۆیان بووەتە کارێکی پێویست و، گوتی: "پێمانوایە 'چاکسازی' لە سیستمی حکوومەتی خۆجێیی کارێکی بەسوودە بۆ نەهێشتنی کەموکوڕییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان".

ڕاشیگەیاند: "پێشنیاری چارەسەر بە عەقڵی هاوبەش پێشکەش بە پارتەکانمان لە پەرلەمان دەکەین بۆ سیستمی حکوومەتی خۆجێی کاریگەر کە چاوەڕوانی گەل بۆ خزمەت بەدی بهێنێت".

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوەیش کرد زەویە بەپیتەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتمان هەرلە ئاودێریەوە هەتا دابینکردنی تۆو بەپرۆژەی کشتوکاڵی بەرهەمدار شاددەکەین، بەمەیش پێشەنگی جیهانییمان لە کەرتی خۆراکدا بەهێز دەکەین.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın