Azat Muhammet
10 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2017
دهۆک - AA
شاندێکى باڵاى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا بە سەرۆکایەتى سەرۆکى ئەنجوومەنەکە، ئیبراهیم برۆ لە مۆسکۆى پایتەختى رووسیا لەگەڵ جێگرى وەزیرى دەرەوەى رووسیا، میخائیل بۆگدانۆڤ کۆبوونەتەوە.
سەرۆکى ئەنەکەسە ئیبراهیم برۆ رایگەیاند "داوامان لە رووسیا کردووە پاڵپشتى مافەکانى نەتەوەیی کورد لە دەستوورى داهاتووى سووریا بکات".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا(ئەنەکەسە) ئیبراهیم برۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "کۆبوونەوەى شاندى باڵاى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا لەگەڵ شاندى وەزارەتى دەرەوەى رووسیا بە سەرۆکایەتى جێگرى وەزیرى دەرەوەى رووسیا، میخائیل بۆگدانۆڤ ئەرێنى بوو، رووسیا بەڵێنى بە ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد داوە کە مافەکانى نەتەوەیی کورد لە دەستوورى داهاتووى سووریا و پارێزراو بێت".
برۆ گوتیشى: "لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى رووسیا تاوتوێى ئەوەشمان کردووە کە شاندى ئەنجوومەنى نیشتمانی کورد لە سووریا کە نوێنەرایەتى بەشى هەرە زۆرى گەلى کورد دەکات لە سووریا، لە سۆنگەى داواکارییەکانى رووسیا بۆ بەشداربوونى نوێنەرانى کورد لە کۆبوونەوەکانى ریاز دوو، ئێمە وەک شاندى ئەنەکەسە بە رووسیامان راگەیاندووە کە ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد وەک شاندێکى سەربەخۆ بۆ نوێنەرایەتى کردنى گەلى کوردى سووریا لە کۆبوونەوەکانى ریاز دوو لە مانگى داهاتوو بەشدارى دەبێت".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا مافەکانى کورد لە دەستوورى داهاتووى سووریا ئاشکرا دەکات دەڵێت "بەپێى ماددەى دەستوورى داهاتووى سووریا بێت کورد مافى ئەوەى هەیە بێبەش نەبێت لە مافى هاووڵاتی بوون و هەروەها زمانى کوردى زمانێکى سەرەکى بێت و لە هەمان کاتیشدا پەروەردە و خوێندن بە زمانى کوردى بێت، بە رووسیامان راگەیاند کە دواى ئەو هەموو وێرانکارییەى جەنگ نامانەوێت سووریا بگەڕێتەوە بۆ سووریای پێش ساڵانى ٢٠١١، بەڵکو دەبێت سووریایەکى فیدڕال بنیات بنێینەوە بۆ ئەوەى متمانە لە نێوان هاووڵاتییان و پێکهاتەکانى سووریا دروست بێتەوە".
نابراو ئاماژەى بەوەدا کە رووسیا لەگەڵ یەکپارچەیی خاکى سووریادایە و ئامانجیەتى هەموو پێکهاتەکان لە لە دەستوورى داهاتووى سووریا مافەکانیان بەرجەستە بێت و مافى هیچ پێکهاتەیەکى نەتەوەیی و ئایینى پێشێل نەکرێت. جەختیشى لەوەکردەوە کە ئامانجى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا دروستکردنى هەرێمى کوردییە لە سووریایەکى فیدڕالدا.
سەبارەت بە رێککەوتنى نێوان حزبوڵڵاى لوبنان و رژێمى ئەسەد و رێکخراوى تیرۆریستى داعش بۆ گواستنەوەى چەکدارانى داعش لە سنوورى لوبنانەوە بۆ سنوورى عێراق و سووریا، سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا دەڵێت "رێککەوتنى نێوان حزبوڵڵاى لوبنان و رژێمى ئەسەد و رێکخراوى تیرۆریستى داعش هەڕەشە دەخاتە سەر ئایندەى ناوچەکە" و گومانیشى خستە سەر ئەو هێز و لایانانەى "بانگەشەى ئەوانەیان دەکرد کە دژى تیرۆر دەجەنگن، هەروەها ناروونیەک دروست دەکات کە هەموو وڵاتان لەشەڕى دژ بە داعشدا جددى نین".
دەشڵێت "رووسیا پاڵپشتى ئێمە و هەر وڵاتێک دەکات کە دژى تیرۆر بجەنگێت بە تایبەت دژى چەکدارانى داعش و بەرەى نوسرە".