Ramal Mahmood
24 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2016
سێ ژن بە چوار منداڵەوە کە لەدەست ستەمکاری رێکخراوی تیرۆریستی داعش رایان کردبوو، پەنایان هێناوەتە بەر سوپای سووریای ئازاد.
جەنگاوەرانی سوپای سووریای ئازاد، لەمیانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا بەمەبەستی نەهێشتنی مەترسی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە باکووری سووریا بە پشتیوانی سوپای تورکیا لە گوندێکی نزیکی شارۆچکەی ئەلباب سەربە پارێزگای حەلەب لەچوارچێوەی گرتنەبەری رێوشێنی ئەمنیدا ئۆتۆمبێلێکیان راگرت کە سێ ژنی تیادا بوو. لەکاتی لێپرسینەوەدا دوو ژنیان ئاماژەیان بەوە داوە کە هاوسەرەکانیان لە ریزی تیرۆرستاندا شەڕیان کردووە و کوژراون. دواتر بەهۆی ستەمکارییەکانی داعشەوە بڕیاریان داوە لە دەست داعش هەڵبێن و بێنە ژێر دەسەڵاتی سوپای سووریای ئازاد.
فاتیمە قەدیم تەمەنی ٣١ ساڵە و یەکێکە لە ژنە هەڵاتووەکان و دایکی دوو منداڵە، ئاماژەی بەوە دا کە ئەوکاتەی لە ئیسپانیا بووە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە هاوسەرەکەی ئەندامانی داعشی ناسیووە و دواتر فریویان داوە و بردوویانەتە ریزەکانی داعش و گوتی: "هاتینە رەققە دوای ماوەیەک زاینمان فریومان خواردووە. دەمانبینی قسە و کرداریان یەکناگرێتەوە. فەرمانەکانی خوایان جیبەجێ نەدەکرد. هاوسەرەکەم کاتێک لە ریزەکانی ئەوان شەڕی دەکرد کوژرا. ویستم بگەڕێمەوە بەڵام رێیان پێ نەدام و گوتیان 'بڕۆی دەتکوژین'. دواتر بە هەڵاتن گەیشتمە ئەلباب. دەمەوێت ئێرە جێبهێڵم. پێویستە نەشتەرگەری بۆ چاوەکانم بکەم. تەنانەت رێگەیان بەمەش نەدا. دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ لای دایک و باوکم لە ئیسپانیا و چارەسەری پزیشکی وەربگرم".
ئاسیا محەمەدی تەمەن ٢٦ ساڵیش کە بە کۆرپە چەند مانگیەکەیەوە رایکردووە ئاماژەی بەوە دا کە ئەو بە رەچەڵەک خەڵکی تونسە و پێشتر لە ئیسپانیا ژیاوە و سێ ساڵ لەمەوبەر هاوسەرەکەی لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە ناسیووە و هاتووەتە سوریا و گوتی: "ماوەیەک لە رەققە ماینەوە. هێشتا تازە ئەم کۆرپەیەم ببوو کە هاوسەرەکەم لە پێکدادانەکاندا کوژرا. ئەو منی لەخشتە برد. هاتە لام و هاوسەرگیریمان کرد. دەمەوێت بگەڕێمەوە ناو کەسوکاری خۆم. زۆر ئازاریان داین، رێزیان نەدەگرتین. لەگەڵ هاوڕێکانمان پلانمان دانا پارەمان دایە قاچاخچییەکان و بە قاچاخ هاتینە ئەلباب. تاکە ئاواتمان ئەوەیە لێرە رزگارمان بێت".
هاووڵاتیی سووری حوسنا سابرین-ی تەمەن ٢٨ ساڵیش ئەوەی خستە روو کە پێشتر لە ئیدلب ژیاوە و ئەوکات کە لە نەخۆشخانە کاری کردووە هاوسەرەکەی ناسیووە و هاوسەرگیریان کردووە و گوتی: "بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەم کارمەندی تەندروستی بوو چەکدارانی داعش رفاندیان و بریانە نەخۆشخانەیەک لە رەققە. هاوسەرەکەم پەیوەندی بەوانەوە نەبوو و بەشداری جەنگی نەکردبوو. لەکاتی هەڵاتنماندا جارێک بەدیلی کەوتینەوە دەستیان. کچەکەم ئازاری گورچیلەی هەیە. گورچیلەیەکی لەدەست داوە و گورچیلەکەی دیکەیشی باش نییە. پێویستە زوو چارەسەری پزیشکی وەربگرێت. بۆیە بەڕێ کەوتووین".