نیویۆرك
بە هۆی شەڕ و نائارامییەكانی سودانی باشوور لە رۆژی یەكشەممەی رابردوو تا ئەمڕۆ ٥٠٠ كەس كوژراون و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون.بەو ھۆیەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبوونەوەیەك بۆ تاوتوێكردنی رەوشی ئەو وڵاتە رێكبخا.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی لەو كۆبوونەوەیەدا ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش رەوشی سودانی باشوور و چۆنییەتی كۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەكانی ئەو وڵاتە گفتوگۆ دەكەن.
دوای كۆبوونەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەدا بارودۆخی سودانی باشوور ئاڵۆزە و هێرشكردنە سەر خەڵكی مەدەنی هەڕەشەیەكی گەورەیە. بۆیە داوای لە لایەنە بەشەڕهاتووەكانی سودانی باشوور كرد بە پەلە كۆتایی بەو ئاڵۆزییانە بهێنن.
لە لایەكی دیكە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بان كی مۆن لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەركۆماری سودانی باشوور سیلڤاكییر ئاماژەی بەوە كردووە ١٣ هەزار كەس پەنایان بۆ ناوەندەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بردووە، بۆیە داوای لە سەركۆماری سودانی باشوور كرد حكومەت هەوڵی پاراستنی خەڵكی مەدەنی بدا و رەوشەكە هێور بكاتەوە.