نیویۆرك
نوێنەری ھەمیشەیی عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان محەمەد عەلی حەکیم نامەیەکی ئاراستەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بان كی مۆن کرد و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکان رۆژی ١١ی حوزەیران دەستیان بە سەر وێستگەی چەکی کیمیای لە باکووری رۆژئاوای بەغدادا گرتووە و دەستیان بەسەر ھەموو مادە کیمیاییەکانی نێو ئەو وێستگەیەدا گرتووە.
حەکیم لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بە ھۆی تێکچوونی رهوشی ئەمنی ناوچەکەوە لە توانای عێراقدا نییە بتوانێ چەکە کیمیاییەکانی بەو جۆرەی بەڵێنی دابوو لەناو ببا.
ئەو وێستگە کیمیاییانە کە ھی سەردەمی سەدامن، چەندین جۆرە گازی ژەھراوی تیایاندا ھەیە.
داعش کە رۆژی نۆی مانگی رابردوو بە شێوەیەکی خێرا موسڵ و دەوروبەری كۆنترۆڵكرد و ھەڕەشەی داگیرکردنی بەغدا دەکا، ٢٩ی مانگی رابردوو حکومەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق راگەیاند.