Dilşad Seyfeddin Ahmet
28 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2016
كۆنگرەكە بەبەشداری 370 ئەندام و لە هۆڵێكی شاری سلێمانی دەستی پێكرد، بڕیارە تەنها یەك رۆژ بخایەنێت و تێیدا ئەندامانی ئەنجوومەنی شووڕا و رابەری گشتی حزبەكە هەڵبژێردرێنەوە.
گوتەبێژی لیژنەی باڵای كۆنگرەكە، نزار كەمال لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەو بارەیەوە گوتی: "لە كۆنگرەی پێشوو 768 ئەندام بەشداری كۆنگرەیان كرد، بەڵام لەم كۆنگرەیەدا بۆ 370 ئەندام كەمكرایەوە و داوامان لە ئەندامان كرد هاوكاریمان بكەن و نەیەنە كۆنگرەكەوە، ئەوەیش بەهۆی هۆكاری دارایی و رەخساندنی بواری گفتوگۆكردنی زیاتری ئەندامان لەسەر پەیڕەو و ستراتیجی چوار ساڵی داهاتووی بزووتنەوەی ئیسلامی".
ئەوەشی گوت: "بۆ تەواوی پۆستەكان 56 كاندیدمان هەیە، بۆ پۆستی رابەری گشتی دوو كاندیدمان هەیە ( رابەری ئێستای حزبەكە عیرفان عەلی عەبدولعزیز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وەزیری پێشووی ئەوقافی حكوومەتی هەرێم كامیلی حاجی عەلی)، بۆ ئەنجوومەنی شووڕاش 39 كاندیدمان هەیە كە كێبڕكێ دەكەن لەسەر 25 كورسی سەركردایەتی كە هەشتیان بەرپرسی مەڵبەندەكانن و راستەوخۆش هەڵدەبژێردرێن".
بە گوتەی گوتەبێژی كۆنگرەكەک جیاوازی ئەم كۆنگرەیە لەگەڵ كۆنگرەكانی پێشوو ئەوەیە كادری ناوەندی سەرپەرشتی ئەم كۆنگرەیە دەكات و هیچ بەرپرسێكی پێشوو سەرپەرشتی كۆنگرەكە ناكات .
لە پەیڕەو پرۆگرامی ئامادەكراوی كۆنگرەدا كە ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر دەدرێت، پێشنیاز كراوە لەسەر گۆڕینی ناو و دروشم و ئاڵای حزبەكە، بەڵام هەر بڕیارێكی لەو شێوەیە دەگەڕێتەوە بۆ دەنگی ئەندامانی كۆنگرە.
بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عێراق ساڵی 1987 لەسەر دەستی چەند زانایەكی ئایینی سنووری شاری هەڵەبجە بە رابەرایەتی عوسمان عەبدولعەزیز وەك حزبێكی ئیسلامی چەكداری دامەزراوە و دژی دەسەڵاتی پێشووی عێراق ( سەدام حسێن ) جەنگاوە.
ساڵی 1999 لەگەڵ بزووتنەوەی راپەرینی ئیسلامی یەكیان گرتووە و بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی كوردستانیان دامەزراند.
ساڵی 2001 بەهۆی جیابوونەوەی باڵێكی گەورەی حزبەكە بەسەرۆكایەتی ئەمیری ئێستای كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، عەلی باپیر و دامەزراندنی حزبێكی نوێ بەم ناوەی دواییەوە، ئەو حزبەی روبەڕووی گورزێكی گەورە كردەوە و ئاستی جەماوەری و ژمارەی كادرانی حزبەكەی لاواز كرد.
تائێستا 10 كۆنگرەی ئەنجامداوە و ئەمڕۆش كۆنگرەی یانزەهەمینی خۆی ئەنجام دەدات.
لە خولی ئێستای پەرلەمانی كوردستان یەك كورسی پەرلەمانی هەیە، لە كابینەی پێشووی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە وەزیری ئەوقاف بەشداربووە.