سياسەت

سلێمانی.. خۆپیشاندانی هێزەكانی پێشمەرگە

- ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی دیکەی سنووری پارێزگای سلێمانی گردبونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژی بڕیارێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 13.06.2018 - نوێکردنەوە : 13.06.2018
سلێمانی.. خۆپیشاندانی هێزەكانی پێشمەرگە

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

ژمارەیەکی زۆر لە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی دیکەی سلێمانی، بەخۆپیشاندان بەرەو باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی بەڕێكەوتن و لە بەردەم پارێزگادا گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا و چەندین دروشم و هوتافیان دژی ئەو کەس و لایەنە كوردییانە بەرز كردبووەوە كە رۆڵیان هەبووە لە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، ئەوان جەخت دەكەنەوە لەوەی رازی نابن دەنگەكانیان هەژمار نەكرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە.

جەلال شێخ ناجی نوێنەری هێزەكانی پێشمەرگە لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبووانی خۆپیشاندانەكە دوا و رەخنەی لەو لایەنانە گرت كە رۆژی شەشی ئەم مانگە رۆڵیان هەبوو لە رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و گوتی: "ناكرێت و ناشێت هێزێك كە هەزاران قوربانی دابێت پەراوێز بخرێت و بێبەش بكرێت لە مافە یاسایی و دەستوورییەكانی، ئێمە ئەو بڕَیارەی پەرلەمان ئیدانە دەكەین و رەتی دەكەینەوە و داواش لە هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەی عێراق و دادگا دەكەین بڕیارەكە هەڵبوەشێننەوە".

جەلال شێخ ناجی گوتی: "ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە ئەو پلانە دوژمنكارییە رەت دەكەینەوە و رێگاش نادەین دەنگی پێشمەرگە بكرێتە كاڵای مامەڵەی چیرۆكی خۆفرۆشان و سازشكاران لەگەڵ دوژمنكارانی گەلەكەمان".

نوێنەری هێزەكانی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش كرد، ئەوان چاوەڕوانی رێكارە دەستووری و یاساییەكان دەكەن بۆ رەتكردنەوەی بڕیارەكەی پەرلەمان، بە پێچەوانەوە وەك ئەو گوتی "هێزی پێشمەرگە وەڵامی گونجاویان دەبێت".

لە خۆپیشاندانەكەدا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیکەی ئەو فراكسیۆنە ئامادە بوون و یاداشتی ناڕەزایی هێزەكانی پێشمەرگەیان وەرگرت.

* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın