Cemal Sargati
10 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2016
لە پاش گەیشتنى وەزیرى گواستنەوەى عێراق بۆ فرۆکەخانەى سلێمانى لەگەڵ هەریەکە لە پارێزگارى سلێمانى بەوەکالەت و بەرێوەبەرى فرۆکەخانەى سلێمانى کۆبوویەوە چەند تەوەرێکیان باس کرد واتر کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
پارێزگارى سلێمانى بەوەکالەت، سەردار قادر لەکۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا گوتی: "ئەم سەردانەى وەزیرى گوستنەوەى عێراق سەردانێکى مێژوویە و بۆ شارى سلێمانى و تێگەیشتنێکە بۆ ئەوەى وەزیرى گواستنەوەى عێراق لەسەرجەم کێشە و گیروگرفتەکانى فرۆکەخانەى سلێمانى ئاگاداربێت و ئەم فرۆکەخانەیە بەچاوى خۆى ببینێت".
گوتیشى: "ئەم سەردانەى وەزیرى گواستنەوەى عێراق لەم کاتە پر قەیراناویەدا کردنەوەى دەروازەیەکە بۆ بەرێوەچوونى کارەکانى فرۆکەخانەى سلێمانى و باشتر کردنى کارەکانى ناو فرۆکەخانەیە و دەروازەیەک دەبێت بۆئەوەى پەیوەندیەکانى هەردوولا پتەوتر بێت و کاربکرێت بۆئەوەى زیاتر فرۆکەخانەى سلێمانى بەرەوپێشببردرێت".
لاى خۆشیەوە وەزیرى گواستنەوەى عێراق، کازم فینجان لەو گۆنگرەیەدا رایگەیاند: "لەراستیدا شەرەفێکى گەورەیە کە من توانیم سەردانى شارى سلێمانى بکەم بەتایبەت فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى،کە فرۆکەخانەیەکى جوانە،بەراستى یەکێکە لە فرۆکەخانە جوانەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان".
گوتیشى: "وەک وەزیر پلەی یەکەم دەدەم بەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، من فڕۆکەخانەکانی دیکەشم بینیووە، بەڵام سلێمانی بە پلەی یەکەم دێت لای من و ئەو پلەیەی پێدەدەم".
لەبارەی کێشەی نەبوونی رادار و پەککەوتنی بەشێکی زۆری گەشتەکان لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، کازم فینجان گوتى: "سوپاسی ئەو پرسیارە دەکەم زۆر گرنگە، لەئێستادا لەڕێگەی کۆمپانیایەکی فەڕەنسیەوە لەھەوڵی دابینکردنی رادارێکداین بۆ ھەرێمی کوردستان، لەئایندەیەکی زۆر نزیکدا لەبەرزترین شاخی ھەرێمی کوردستان دادەنرێت و ئەو کێشەیەش لەسەرجەم فڕۆکەخانەکان کۆتایی دێت، بەتایبەت سلێمانی ماوەیەکی زۆرە کارم لەسەر ڕێکخستنی نرخ کردوە، دەمەوێت بەگوێرەی دووری نێوان پارێزگاکانی عێراق و ھەرێم نرخەکانیش ڕێکبخرێت".
کازم فینجان ئەوەىشى راگەیاند: "هەوڵدەدەم سەرجەم کێشە و گیروگرفتەکانى فرۆکەخانەى سلێمانى چارەسەر بکەم".
لەپاش کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیرى گواستنەوەى عێراق فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى بەسەرجەم بەشەکانیەوە بەسەر کردەوە.