Sangar Hamad Azeez
10 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2016
بەڕێوبەری دەزگای ھەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، جۆن برێنان تیشکی خستە سەر رەوشی عێراق و سووریا و گوتی: "دڵنیانیم کە لەو دوو وڵاتە دەتوانرێت حکوومەتێکی ناوەندی دادپەروەر دابمەزرێنرێت، حکوومەتی ناوەند و هەرێمە سەربەخۆکان دەتوانن ببنە هەیکەلی سیستەمێکی فیدراڵی".
لە میانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەزگای پەخشی "CTC Sentinel"، بەڕێوبەری دەزگای ھەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، جۆن برێنان باسی لەوە کرد کە لە عێراق و سووریا بەهۆی مەزهەبگەرایی، وێرانکاری و کوشتارێکی زۆر ئەنجام دەدرێت.
جۆن برێنان گوتی: "نازانم کە جارێکی دیکە عێراق و سووریا دەکەونەوە سەرپێ یاخود نا، بەڵام دڵنیانیم کە لەو دوو وڵاتە دەتوانرێت حکوومەتێکی ناوەندی دادپەروەر دابمەزرێنرێت، حکوومەتی ناوەند و هەرێمە سەربەخۆکان دەتوانن ببنە هەیکەلی سیستەمێکی فیدراڵی، ئەوەش بەندە بەوەی کە بزانین لە ٣ تا ٤ ساڵی داهاتوو چی روودەدات".
برێنان تیشکی خستە سەرئەوەی کە لە عێراق و سووریا داوای ناوچەی خۆجێی لە حکوومەتی ناوەند دەکرێت و گوتی: "ئەم کێشانە بەهۆی ئەو حکومڕانیەی ئێستای وڵاتەکانەوە سەریان هەڵداوە".
سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی ناوەندی ئەمریکی گوتی: "جێبەجێکردنی دیموکراسییەتی هاوشێوەی رۆژئاوا لە عێراق کارێکێ سەختە، دوای رووداوەکانی بەهاری عەرەبی وامانزانی کەوا دەکرێت دیموکراسی لەو وڵاتانە پەیڕەو بکرێت بەڵام بەوشێوەیە نەبوو".
برێنان باسی لە داعش کرد کە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی بە بارمەتە گرتووە و گوتی: "کۆنترۆڵکردنەوەی رەققە زۆر سەختتر دەبێت لە منبج".
جۆن برێنان جەختی کردەوە لەوەی کە ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراق و سووریا ماوەیەکی زۆر دەکێشێت و گوتی: "ئەو شەڕکەرە بیانییانەی کە روو لە عێراق و سووریا دەکەن و دەچنە ریزی داعشەوە، لە ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێن، ئەوانە بۆ ماوەیەکی زۆر وەک هەڕەشە دەبن بۆسەر ئەمریکا و وڵاتانی دیکە".
برێنان گوتی: "کێشەی سووریا تاوەکو ئێستا ئاڵۆزترین کێشەیە کە رووی دابێت چونکە تاوەکو داعش بە تەواوی بنەبڕ نەکرێت کێشەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و مەزهەبگەرایی بەردەوام دەبن".