تاران
حەسەن روحانی سەركۆماری ئێران لە میانی كۆبوونەوەی نەتەوەیەكگرتووەكاندا وتارێكی پێشكەشكردو رەخنەی لەو سزایانە گرت كە بەسەر وڵاتەكەیدا سەپێندراون و هۆشداریشی لەبارەی دانوستانە ئەتۆمیەكەی وڵاتەكەیەوەدا.
سەرەتا روحانی گوتی: "سزا سەپێندراوەكانی سەر ئێران، بەردەوامی ئەو هەڵانەن كە بەرامبەر گەلێكی سەربەخۆ ئەنجام دەدرێت. ساڵی پار دانوستانەكانمان لەبارەی پڕۆگرامە ناوەكیەكانەوە بەشێوەیەكی شەفاف دەستپێكرد بۆ دروستكردنی متمانەیەكی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا."
هەروەها لەبەشێكی تری وتەكانیدا رۆحانی ئاماژەی بەوەدا لەئەنجامی سەپاندنی سزاكان و هەڕەشەكان ، ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆكان دانانیشێت و گوتی: "ئێمە لەرێی ئیرادەی گەلەكەمانەوە مژاری گفتوگۆ و دانوستانەكانمان هەڵبژارد نەك لە ترسی سزاكان و هەڕەشەكان ، چونكە لەو بڕوایەداین تەنیا ڕێگەی چارەسەری پرسی ئەتۆمی ، دانوستانەكانە."
هاوكات گوتیشی: "ئەگەر هەندێك لایەنی تر لەو بڕوایەدا بن كە جگە لەدانوستان رێگەیەكی تر هەیە بۆ چارەسەری ئەوا دەكەونە هەڵەیەكی گەورەوە."
هەر هەنگاوێك بە ئاراستەی درەنگ خستنی ڕێككەوتنی كۆتایی، تەنیا ئەو باجانە زیاد دەكات كە پێویستە بدرێن. هاوكات ئەم باجانەش تەنیا ئێمە نایدەین، بەڵكو بەسەر ئاسایش و گەشەپێدانی ناوچەكەشدا دەشكێتەوە، با كەس گومان لەوە نەكات كە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران سودەمەند دەبێت بۆ تەواوی جیهان بەتایبەتی وڵاتانی ناوچەكە.
هاوكات رۆحانی لەبەشێكی تری وتەكانیدا هیوای خواست كە رێكەوتنی كۆتایی لە وادەی دیاری كراوی خۆیدا بەدەست بێت و راشیگەیاند ئەوان سورن لەسەر بەردەوامیدان بە پڕۆگرامە ئەتۆمیە ئاشتیخوازەكەیان.
روحانی بەشێكی زۆری وتەكانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە رادیكاڵیەكان تەرخانكرد و رایگەیاند ئەگەر ئەمڕۆ بەتوندی دژی ئەو گروپە رادیكاڵانە نەوەستینەوە، ئەوا سبەینێ بۆ هیچ كەسێك ئاسایش پارێزراو نابێت لە جیهاندا.
سەركۆماری ئێران هۆشداریەكانی خۆی لەمەڕ بڵاو بوونەوەی هەڕەشەو مەترسی رادیكالیزمی لەناوچەكەدا بیر ئامادەبوان هێناوەیە كە لە ساڵی پاردا لە كۆبوونەوەی نەتەوەیەكگرتووەكاندا ئاماژەی پێدابوو، گوتیشی: "هۆشداریەكەم دووپات دەكەمەوە. ئەگەر هەڵوێستێكی راست لە دژی توندوتیژی و رادیكالیزم نیشان نەدرێت. ئەوا كاریگەری خراپی لەسەر تەواوی جیهان دەبێت و بەرەو ناوچەیەكی نا ئاسایش دەچین، كە تەنیا ڕێگەی راستیش بۆ چارەسەری كێشەكە خۆی لەو چارەسەریە تازەكەرەوەیەدا دەبینێتەوە كە هەڵقوڵاوی ناوچەكەیە نەك لە دەرەوەی ناوچەكە لەناو هاریكاری نێودەوڵەتیدا جێگەی گرتووە."