Sarmand Hameed
22 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ھێزی ھاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی سوپای ئەمریکا رۆلێکی سەرەکییان ھەبووە لە پاراستن و ھاوکاریکردنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان".
لە راگەیەندراوێكدا كه لهلایهن سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانهوه، لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتییەکە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە "نابێت رۆڵ و خەباتی ھاوپەیمانان، بەتایبەتی سوپای ئەمریکا، تێکەڵ بە بڕیاری نەخوازراوی سیاسی بکرێت. ھەرێمی کوردستان ڕێز و پێزانینی بۆ ھێزی ھاوپەیمانان و سوپای ئەمریکا دووبارە دەکاتەوە و خەبات و قوربانیدانیان بەرز رادەگرێت".
ههروهها تێیدا هاتووه: "ھێزی ھاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی سوپای ئەمریکا ڕۆلێکی سەرەکییان ھەبووە لە پاراستن و ھاوکاریکردنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، ھەر لە راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕینهوه لە ساڵی ١٩٩١، تا ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و تێکشکاندنی گرووپی تیرۆرستی داعش لەم چەند ساڵەی رابردوودا، ھەر لەم پێناوەشدا شانبەشانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان قوربانییان داوە و بەرگرییان لە ھەرێمی کوردستان کردووە".
جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ دووشەممە کاراونێکی سوپای ئەمریکا لە سووریاوە پاشەکشەیان پێکرا و کاروانە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر چوون، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوبوونەتەوە، لەکاتی هاتنیان بەرەو هەولێر کاروانە سەربازییەکەی سوپای ئەمریکا لەلایەن ژمارەیەک هاووڵاتییەوە بەردباران دەکرێن و سوکایەتییان پێ دەکرێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە سووریا.