Kasım İleri
13 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2023
واشنتۆن - AA
راگەیەندرا کە سوپای ئەمریکا تەنێکی نەناسراوی خستووەتە خوارەوە کە لە سنووری کەنەدا بەسەر دەریاچەی هیورۆن تێپەڕیوە.
دوابەدوای خستنەخوارەوەی باڵۆنێکی چینی لە ئالاسکا و تەنێکی نەناسراو لە سنووری کەنەدا، فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکای باکوور (NORAD)، ئەمجارەیان کەوتە جووڵە بۆ خستە خوارەوەی تەنێکی نەناسراوی فڕیو کە لەنێوان سنووری ئەمریکا و کەنەدا بینرا بوو.
دوای ئەوەی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکای باکوور بۆ ماوەیەکی کاتی کایەی ئاسمانیی ناوچەی دەریاچەی میشیگان و هیورۆن-ی لەسەر سنووری ئەمریکا و کەنەدا بە رووی فڕیندا داخست، دەرکەوت کە تەنێکی دیکەی نەناسراوی خستووەتە خوارەوە.
نوێنەری خانەنشینکراوی کۆمارییەکانی ویلایەتی میشیگان، جاک بێرگمان لە پەیامێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند: "وەزارەتی بەرگرییی ئەمریکا (پنتاگۆن) پەیوەندی پێوە کردووم سەبارەت بە 'ئۆپەراسیۆنەکانی هەرێمی دەریاچە گەورەکان'، سوپای ئەمریکا تەنێکی دیکەی لەسەر دەریاچەی هیورۆن خستووەتە خوارەوە".
بێرگمان نووسیویەتی، خەڵکی ئەمریکا چاوەڕێی وەڵامی پرسیارەکان دەکەن سەبارەت بەو تەنانەی کە لە بەرزاییەکاندا دەخرێنە خوارەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، جەنەراڵ پاتریک رایدەر رایگەیاند، ئەو تەنەی کە باسی لێوە دەکرێت لەسەر رێنمایی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لەلایەن فڕۆکەیەکی جۆری F-16ی ئەمریکییەوە خراوەتە خوارەوە.
رایدەر ئاماژەی بەوە دا کە تەنەکە لە بەرزی ٢٠ هەزار پێدا بووە، گوتی: "ئەم تەنە بووەتە مایەی نیگەرانی، رێڕەو و بەرزییەکەی رەنگە مەترسیی لەسەر فڕۆکەوانیی مەدەنی هەبێت".
جەنەراڵ پاتریک رایدەر هەروەها رایگەیاندووە کە لە هەڵبژاردنی ئەو شوێنەی کە تەنەکە لێ خراوەتەوە خوارەوە سەلامەتیی دانیشتووانی ناوچەکە و ئاسانکاری بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکانی لەبەرچاو گیراوە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتیشی: "فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی ئەمریکای باکوور (NORAD) بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، تەنەکەی دۆزییەوە و لەڕێگەی رادارەوە بەردەوام بوو لە شوێنپێهەڵگرتنی. بە پشتبەستن بە رێڕەوی فڕین و داتاکانی رادار دەتوانین بڵێین کە بەسەر ناوچە هەستیارەکانی بەرگری لە مۆنتانا فڕیوە. بۆیە بە مەترسییەکی سەلامەتی فڕینمان زانی و خستمانە خوارەوە".
پێشتریش لە چوار و نۆی شوبات دوو تەنی دیکەی نەناسراو کە بەسەر ئاسمانی ئەمریکادا فڕیبوون لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە خرابوونە خوارەوە.