Anıl Kuru
13 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2023
غازی عەنتاب - AA
دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزانی پارێزگای قەهرەمانمەڕەش-یان هەژاند کە بە کارەساتی سەدە ناسراوە، تەواوی کۆمەک و هاوکارییەکانی سعوودیە کە بە حەوت فڕۆکە نێردرابوون، گەیشتنە تورکیا.
شاندە سعوودییەکە کە بە حەوت فڕۆکە هاتن و پێکهاتوون لە تیمێکی ٩٥ کارمەندی گەڕان و رزگارکردن، تیمێکی ٥٥ کەسی تەندروستیی و مانگی سووری سعوودیی و نوێنەرانی دەزگای فریاگوزاری شا سەلمان و پێداویستی هاوکاری مرۆیی و تەندروستی، هەموویان گەیشتنە ناوچەی کارەساتبارەکە.
راوێژکاری دەزگای هاوکاری شا سەلمان، سامیر جتێلی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، ئاماژەی بەوە کرد کە بە حەوت فڕۆکە هاتوون بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بە تورکیا و سووریا.
گوتیشی: ''بەمەبەستی هاوکاریکردنی کۆماری تورکیای برا لەم رۆژە سەختەدا، پێداویستی پزیشکی و تەکنیکیمان هێناوە. ئەو بەرهەمە تەکنەلۆجیا بەرزانەی لە دوایین فڕۆکە گەیشت بە زووترین کات رەوانەی گۆڕەپانەکە دەکرێن. لە شەش فڕۆکەکەی دیکەدا پێداویستی مرۆیی و تیمی گەڕان و رزگارکردنمان رەوانە کردووە. تیمێکی ٩٥ کەسی لە کارپێکەرانی ئامێرەکانیش هاتوون''.