Zana Natık Kerem
16 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2017
ڤانكۆڤەر ــ AA
سەرۆكوەزیرانی كەنەدا، جەستن ترودۆ رایگەیاند كە وڵاتەكەی بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو بە ٢١ ملیۆن دۆلار پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەكانی هێزەكانی ئاشتپارێزی نێودەوڵەتی دەكات، وێرای ئەو پشتیوانییانەی كە لە رووی سەربازی و كەرەستەوە پێشكەشی دەكات.
لە كۆنگرەی وەزیرانی بەرگری لە هێزەكانی ئاشتپارێزی نێودەوڵەتی كە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە شاری ڤانكۆڤەر سەربە كەرتی كۆڵومبیای بەریتانی بەڕێوەچوو، جەستن ترودۆ پەرۆشی وڵاتەكەی لەسەر بەردەوامی لە پاراستنی ئاشتی لە سەرانسەری جیهان دووپات كردەوە.
سەرۆكوەزیرانی كەنەدا روونیكردەوە كە وڵاتەكەی لە كاركردن لەگەڵ وڵاتانی دیكە لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی بەردەوامە و گوتی: "ئێمە خاوەن بیرۆكەی سەردەمیانەین و گرنگتر لەمە ئەوەیە، ئێمە خواستی جێبەجێكردنیمان هەیە".
جەستن ترودۆ ئاماژەی بەوەشدا كە كەنەدا، ٢٠٠ سەرباز و ژمارەیەك هێلیكۆپتەر بۆ گواستنەو ە و هێرشكردن لەگەڵ ژمارەیەك فڕۆكەی بارهەڵگر و راهێنەرانی سەربازی وەك پشتیوانی بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی داهاتووی هێزەكانی ئاشتپارێز سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادە كردووە.
سەرۆكوەزیرانی كەنەدا باسی لەوەش كرد كە ئەوان خواستیان هەیە بەشداریكردنی ئافرەتان لە ئۆپەراسیۆنەكانی هێزەكانی ئاشتپارێزی نێودەوڵەتی زیاتر بكەن.
جەستن ترودۆ راشیگەیاند كە وڵاتەكەی بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو بە ٢١ ملیۆن دۆلار پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەكانی هێزی ئاشتپارێزی نێودەوڵەتی دەكات.
لە كۆتایی كۆنگرەكەدا، سەرۆكوەزیرانی كەنەدا بە رۆژنامەوانانی راگەیاند كە ئێستا ئەو شوێنەیان دیاری نەكردووە كە سەربازەكانیان لە چوارچێوەی هێزەكانی ئاشتپارێزی نێودەوڵەتی بۆ رەوانە دەكات.
شاندی توركیا بە سەرۆكایەتی راوێژكاری وەزارەتی بەرگری، عەلی فیدان لە كۆنگرەی وەزیرانی بەرگری ئاشتپارێزی نێودەوڵەتی بەشداربوو كە رۆژی چوارشەممە لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو كە كۆنگرەكە بە لای توركیاوە، رووداوێكی گرنگە.
عەلی فیدان ئەوەشی گوتبوو: "كۆنگرەكە زۆر گرنگ بوو كە تیایدا بەشداریكردنی وڵاتانی جیهان لە كارەكانی هێزەكانی ئاشتپارێزی نێودەوڵەتی، هەڵەسەنگێندرا".