Seyit Aydoğan
24 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2021
تۆرۆنتۆ - AA
لە ئەنجامی گەڕان لە نێو باخچەی خوێندنگەی کڵێسای ماریڤاڵ، لە ویلایەتی سیسکاچوانی کەنەدا، پاشماوەی لاشەی ٧٥١ منداڵ لە نێو ژمارەیەک گۆڕی تۆمارنەکراودا، دۆزرانەوە.
سەرۆکی دانیشتووه رەسەنەکانی فێرست نەیشن لە ناوچەی كاوسس کە گۆڕەکانی تێدا دۆزرایەوە، کادمۆس دیلۆرم، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، رایگەیاند لە ئەنجامی ئەو کارانەی کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیان پێکردووە تاکو ئێستا ٧٥١ گۆڕی تۆمارنەکراویان دۆزیوەتەوە.
کادمۆس دیلۆرم گوتی: "ئێرە شوێنی گۆڕی بە کۆمەڵ نییە، ئەمانە گۆڕی بێناون".
دیلۆرم ئاماژەی بەوەشکرد کە دەبێت نیشانەیەک ھەبێت بۆ شوێنی ناشتنەکان بەڵام کڵێسای رۆمی كاسۆلیکی لە ساڵی شەستەکاندا نیشانەی سەر گۆڕەکانی لاداوە.
بەپێی تۆمارە فەرمییەکانی کەنەدا، خوێندنگەی کڵێسای ماریڤاڵ، لە ساڵی ١٨٩٩وە تاکو ساڵی ١٩٩٧ لەناوچەی كاوسس کە زۆرینەی خەڵکە رەسەنەکەی تێدا دەژی و دەکەوێتە دووری نزیکەی ١٤٠ کیلۆمەتر لە رۆژھەڵاتی ریجینای پایتەختی ويلايەتەكە، چالاکی ئەنجامداوە.
دوای ئەوەی کە لە ٢٩ی مانگی ئایاردا، پاشماوەی لاشەی ٢١٥ منداڵ لە نێو ژمارەیەک گۆڕی تۆمارنەکراو لە باخچەی خوێندنگەیەکی کڵێسای شاری کاملۆپسی سەربە ویلایەتی بریتش کۆلۆمبیا دۆزرایەوە، لەو گەڕانەی کە لەرێگەی راداری نوێ لە ١٣٩ خوێندنگە لە سەرانسەری وڵاتەکە دەستپێکرا، چهندین گۆڕی نوێ دۆزرایەوە.
ئەو رێکارانەی کە لە خوێندنگەكانی کڵێسا کۆنەکان ئەنجامدەدرا و دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە باخچەی ئەو خوێندنگایانە، کە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، جەستن ترودۆ، بە "تاریکترین بەشەکانی مێژووی كەنەدا" وەسفیکرد، سەرنجی رای گشتیی نێودەوڵەتی راکێشا.
خوێندنگەکانی کڵێسا، کە کڵێسای کاسۆلیکی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٤٠ بە ناوى حکوومەتی کەنەدا کردوویەتییەوە و دوایینیان لە ساڵی ١٩٩٧دا داخرا، کۆی گشتی ١٣٩ خوێندنگەبوو، لەو ساڵانەی کە چالاکییان ئەنجامدەدا، ببوونە ئەو شوێنەی کە زیاتر لە ١٥٠ ھەزار منداڵی دانیشتووی رەسەنی ناوچەکانیان بە زۆر لە خێزانەکانیان دادەبڕی و دەست بەسەریان دەکردن.