Emre Gürkan Abay
24 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2021
مۆسکۆ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەنجامدا.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە فەرمانگەى راگەیاندنی کۆشکی کرملینەوە بڵاوکراوەتەوە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەردۆغان و پوتین-دا، تاوتوێی بڕیاری دەستپێکردنەوەی گهشته ئاسمانییهكانی رووسیا لەگەڵ تورکیا و بابەتی دەستكردن به دابینکردنی ڤاکسینی رووسی سپوتنیک ڤی، کرا.
لە راگەیەنداروەکەی کۆشکی کرملین ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا راوێژ دەربارەی دوایین پێشھاتەکانی قەرەباخ کراوە و ھاتووە: لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، بە ئەرێنی ھەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی ناوەندی ھاوبەشی چاودێریی تورکی-رووسی کراوە. سەرکۆماری تورکیا پاڵپشتی خۆی بۆ ھەوڵەکانی رووسیا سەبارەت بە جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکانی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ و ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ کە لە نێوان رووسیا و سهرۆكی ئەرمینیا و ئازەربایجان دیاریکراوە، دەربڕی".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ھەردوو سەرۆک ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامییدان بە ھەماھەنگی بۆ گەشەپێدانی ناوچەکە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی گواستنەوە لە قەرەباخ دووپاتکردووەتەوە.
راگەیەندراوەکەی کۆشکی کرملین، ئاماژەی بەوەشکردووه کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بابەتەکانی پرسی سووریا و چارەسەری قەیرانەکانی ئەو وڵاتە تاوتوێ کراوە و تێیدا ھاتووە: "جەخت لەسەر گرنگیی چالاکییە ھاوبەشەکانی نێوان سوپاکانی تورکیا و رووسیا بۆ رێگرتن لە ھەڵکشانی گرژییەکان لە ئیدلب و باکووری رۆژھەڵاتی سووریا و بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستيانەی کە لە ناوچەکە ماون، کرایەوە".
ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە، ھەردوو سەرۆک لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانى نێوانيان رێککەوتوون و پوتین بۆچوونی خۆی دەربارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کە لە جنێڤ ئەنجامیاندا بۆ سەركۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکراکردووە.