Dlshad Saifaalddin Ahmed
04 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك پارێزگاری نوێی سلێمانی دەستبەکاربوو، پەیامێكیشی ئاراستەی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە كرد.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ، وەك پارێزگاری سلێمانی، لەسەر بنەمای دەنگ و ئیرادەی ئێوە و هەڵبژاردنەكان و متمانەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و دوای تەواوبوونی هەموو رێكکارە یاسایی و كارگێڕییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆ، بە پشتیوانیی خودا و هیمەتی هەموولایەك، بە فەرمیی وەك خزمەتكارو پارێزەری سلێمانی، دەستبەكارەكانمان دەكەین".
هەڤاڵ ئەبوبەكر بەرنامەی كاری خۆی لە ماوەی پۆستەكەیدا راگەیاند و گوتی: "بەرنامەی سەرەكیی و ستراتیژیی ئێمە ئەو هێڵە گشتیانەن كە بەپێی سێكتەرە جیاجیاكان لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا، بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن پەسەندكراون، كاری لە پێشینەمان هەوڵدانە بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكان و خزمەتگوزارییە گشتییەكان، بەمەبەستیی فەراهەمكردنی ژیانێكی شایانە بۆ هاووڵاتیانی بەڕێزی پارێزگاكەمان و چەسپاندنی حكوومەتی هاووڵاتیی و یاسا سەروەریی لەسەر بنەمای شەفافیەت و لێپرسینەوە و بەرجەستەكردنی ئارامیی و ئاسایشی كۆمەڵایەتیی و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵك و ستراتیژ و ئاسایشی نیشتمانیی كوردستان. ئامانجمان؛ بایەخدانە بە پایە و كایە ئابوورییە جۆراوجۆرەكان، بەمەبەستی پەرەپێدانی سەرمایەگوزاریی و وەبەرهێنانە نیشتمانیی و بیانییەكان و دروستكردنی دەرفەت و هەلی كارو بوژاندنەوەی بازاڕ، دوور لە هەر جیاكارییەكی حیزبیی و سیاسیی".
لە بەشێكی دیکەی قسکانیدا، پاریزگاری سلێمانیی هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: "بەپشتبەستن بە خۆتان، بە زانایی و بەئەزموونتان، بە راوێژ و پڕۆژە و ئامۆژگارییەكانتان، بە بەشداریكردنتان لە گەڵاڵەكردنی بەرنامە و بڕیارەكانماندا، كاردەكەین و دەخوازین لە رێی هەماهەنگیی و بەشداریی تەواوكارییانەی هەموو لایەكەوە، بەتایبەتیی پەرلەمانی كوردستان و دەسەڵاتی دادوەریی و دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ناوەندە زانكۆیی و ئەكادیمییەكان و كەرتی تایبەت و رەوەندی كوردیی و دامەزراوە مەدەنییەكان و رێكخراوە ناحكوومیەكان و میدیا و ئەنجوومەنی گەڕەكەكان و دەستەبژێر و ئەزموونگەرانی پارێزگاكەمانەوە، بنیادی حكوومەتێكی خۆجێیی راستەقینە بنێین، كە توانای وەڵامدانەوەی داخوازییەكانی خەڵكی پارێزگاكەمانی هەبێت و سوود لە دەرفەتەكان وەربگرێت و رووبەڕووی ئالنگارییەكان بێتەوە، زەمینەی لێبوردەیی و یەكترقبوڵكردن و یەكتر تەواوكردن و پێكەوەكاركردن و كرانەوەی زیاتر و خۆنەویستیی و كاری خۆبەخشیی و كۆكردنەوەی جیاوازییەكان؛ بڕەخسێنێت، رایەڵەكانی تەونی كۆمەڵایەتیی بەهێزبكات و كارلێكە كۆمەڵایەتییە پۆزەتیڤ و رەنگاڵەییەكان كاراتربكات، كولتوور و رۆشنبیریی و هونەر و بەها مرۆیی و رۆحییەكان باڵاتربكات، رەفاهییەت بخوڵقێنێت و سوود و سەروەریی گشتیی و ئامادەیی و شكۆی تاك زیاتر بكات، پێداویستییەكانی ئێستا دابینبكات و لە بیری نەوەكانی داهاتووماندا بێت، دەرفەتی بەشداریكردنی هاوبەش و یەكسان بڕەخسێنێت، پڕۆژەی نوێ بێنێتەكایەوە، لە خەمی پاراستنی سەرمایە مرۆیی و مەدەنیی و ماڵیی و ژینگەییەكاندا بێت".
گوتیشی: "پێشنیاز و بەرنامەی هەماهەنگیی و كاركردنی هاوبەش و راوێژكارییانەی نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانمان راگەیاندووە و لە هەوڵی پەرەپێدانیدا دەبین و بەسوپاسەوە لەلایەن هەموو پارێزگاكانەوە پێشوازیلێكراوە".
هەڤاڵ ئەبوبەكر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا گوتیشی: "سبەی دووشەممە بەشێوەیەكی فەرمیی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان سوێندی یاسایی دەخۆم".
هەڤاڵ ئەبوبەكر، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ، سەرۆكی لیستی گۆڕان بوو كە توانی ٢٤١ هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت، لیستەكەیشی لە كۆی ٣٢ كورسی ئەنجوومەنی پارێزگا، ١٢ كورسی هێنا و بۆ پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی سلێمانی پێویستی بە 17 دەنگی ئەنجومەنەكە هەبوو، ئەوەش وایكرد دانانی پارێزگار و پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی بۆ ماوەیەكی زۆر دوا بكەوێت، دواتر لەگەڵ یەكێی نیشتیمانی كوردستان كە خاوەنی ١١ كورسی ئەنجوومەن بوو گەیشتنە رێكەوتن و چوارساڵی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دوو ساڵ بە دووساڵ لە نێوان هەردوولا دابەشكرا.
دوو ساڵی یەكەم بۆ یەكێتی دانرا و ئاسۆ فەرەیدوون بووە پارێزگاری سلێمانی، لە دوو ساڵی دووەمدا بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لەسەر پرسی ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە دامەزراندنی پارێزگار پێویستی بە واژوی سەرۆكی هەرێم هەبوو، گۆڕان ئامادەنەبوون بە واژوی بارزانی هەڤاڵ ئەبوبەكر ببێتە پارێزگاری سلێمانی.
دواجار سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای وەرگرتنی بەشێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم ، فەرمانی دەستبەكاربونی بۆ هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك پارێزگاری سلێمانی دەركرد.