Azad Mohammed Abdullah
27 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2018
دهۆک - AA
قایمقامى قەزاى شنگال، مەحما خەلیل رێککەوتنى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق بۆ بە هاوبەشى پاراستنى ئاسایشى قەزاکە و دەرچوونى پەکەکە و حەشدى شەعبى لە قەزاکە بە باشترین چارەسەر دەزانێت.
لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو قایمقامى قەزاى شنگال، مەحما خەلیل گوتى: "بە هۆى پەکەکە و حەشدى شەعبى و تەواوى گرووپە چەکدارەکانى سنوورى قەزاى شنگال، دۆخى ئەمنى شارۆچکەکە لە خراپەوە بەرەو خراپتر چووە، ئەم دۆخەى ئێستا بەردەوام بێت، ئەگەرى هەیە شەڕو کارەساتى گەورەى بەدواوە بێت، چونکە تا رۆژێک زیاتر پەکەکە و حەشدى شەعبى لە قەزاکە دەمێننەوە، ژیانى هاووڵاتییانى سنوورەکە هەراسانتر دەبێت".
گوتیشى: "خەڵک بۆ ژیانێکى شیرن گەڕایەوە شنگال، بەڵام بوونى پەکەکە و حەشدى شەعبى لە قەزاکە ژیانى لە خەڵکى گەڕاوەى تاڵکردووە، بۆیە رۆژانە خەڵک دووبارە ئاوارە دەبنەوە و روو لە کەمپەکان دەکەن، ئەمەیش بە هۆى ناجێگیرى دۆخى ئەمنى قەزاکەیە".
مەحما خەلیل گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ قەزاى شنگال بە هاوبەشى و هەماهەنگى سوپاى عێراق و دەرچوونى پەکەکە و حەشدى شەعبى لە شنگال بە باشترین چارەسەر دەزانێت و پێیوایە ئەگەر حکوومەتى عێراق ئەمەى قبووڵ بێت لە شەو و رۆژێکدا دێتەدى هەروەها دەڵێت "بە گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ شنگال و دەرچوونى پەکەکە و حەشدى شەعبى لە شنگال ئارامى بۆ قەزاکە دەگەڕێتەوە و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە و ئەو خەڵکەى بۆ شارەکە گەڕاونەتەوە، چیدیکە ئاوارە نابنەوە روو لە ژیانى کەمپەکان ناکەنەوە".
قایمقامى قەزاى شنگال نایشارێتەوە کە چەکدارانی پەکەکە و حەشدى شەعبى سەرانە لە خەڵک وەردەگرن و بازرگانى بە سەروەت و سامانى خەڵکى شنگال دەکەن، دەشڵێت "بازرگانیکردن بە سەروەت و سامانى خەڵکى بەشمەینەتى شنگال لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە".
- "پەکەکە و حەشدى شەعبى تەقە لە خەڵکى سڤیلى شنگال دەکەن"
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "دیاردەى رفاندن و تەقەکردن لە هاووڵاتییانى قەزاى شنگال لە لایەن چەکدارانى پەکەکە و حەشدى شەعبى رۆژ لە دواى رۆژ لە زیادبووندایە و لە ماوەى یەک هەفتەکە زیاتر لە ٣٠ کەس رفێندراون و بە چەکى جۆراوجۆر تەقە لە دەیان هاووڵاتى قەزاکە کراوە".
قاسم شەشۆ ئامانجى پەکەکە و حەشدى شەعبى لە پێشێلکارییەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت "پەکەکە و حەشدى شەعبى دەیانەوێت ناوچەکە لە خەڵکى رەسەنى شنگال چۆڵبکەن و هەر خۆیان دەسەڵاتدار بن لە شنگال".
ئەو فەرماندە سەربازییەى شنگال نیگەرانە لەوەى کە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق هیچ رێککەوتنێکیان لە پێناو بەرژەوەندى شنگال و خەڵکى شنگال ئەنجام نەداوە.