Ahmed al-Masri
26 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2018
دۆحە ــ AA
لە میانی سەردانەكەی بۆ دۆحە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەلیم جبوری لەگەڵ میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئالسانی كۆبوویەوە.
ئاژانسی هەواڵیی قەتەر (QNA) بڵاوی كردەوە لە كۆبوونەوەكەدا، تەمیم بن حەمەد ئالسانی بە سەلیم جبوری راگەیاندووە كە وڵاتەكەی پشتیوانی لە یەكپارچەیی، ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەكات.
لای خۆیەوە سەلیم جبوری سوپاسی میری قەتەری كردووە لە بەرامبەر ئەو پشتیوانەی كە لە سەرجەم بوارەكاندا بە تایبەتیش لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا پێشكەشی عێراقی كردووە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها سوپاسی ئەو پشتیوانییە داراییەی قەتەری كردووە كە راگەیاندووە بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق.
سەلیم جبوری و میری قەتەر چۆنیەتی پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و دوایین پێشهاتەكانی رەوشی عێراق و ناوچەكەیان تاوتوێكردووە.
پێشتریش سەلیم جبوری لە میانی سەردانەكەی بۆ دۆحە بە جیا لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای قەتەر، ئەحمەد بن عەبدوڵڵا بن زەید ئالمەحمود و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، محەمەد بن عەبدلرەحمان ئالسانی كۆبوویەوە و لەگەڵیاندا چۆنیەتی پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ ژمارەیەك پرس كە جێگەی گرنگی و بایەخی عێراق و قەتەر بوون تاوتوێ كردبوو.