Mohammed Baqi Hussein
01 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2015
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە خوێندنگەی دواناوەندی شوكرو دۆروكی زانستەكانی ئیسلامی كچان لە شاری كۆنیا دەنگی دا.
داودئۆغڵو لەگەڵ سارای هاوسەری بەمەبەستی دەنگدان سەردانی دواناوەندی شوكرو دۆروكی زانستەكانی ئیسلامی كچانی كرد كە لە ماڵەكەی خۆی لە ناوچەی مەرامی شاری كۆنیا نزیكە.
لەكاتی گەیشتنی بە خوێندنگەكە بەگەرمی پێشوازی لە داودئۆغڵو كرا و ناوبراو لەگەڵ خەڵكی گفتوگۆی كرد و لەگەڵ منداڵان وێنەی یادگاری گرت.
داودئۆغڵو لە سندووقی ژمارە 2248 دەنگی دا و دواتر لە باخچەی خوێندنگەكەدا بۆ رۆژنامەوانان دوا.
داودئۆغڵو گوتی: "ئەمڕۆ جارێكی دیكە وەك هەرتاكێك لە 78 ملیۆن دانیشتوان بەئەركی هاووڵاتیبوونی خۆمان هەستاین. بەرلە هەموو شتێك دەخوازم خێری پێوەبێت بۆ وڵات و گەل و بۆ مرۆڤایەتیش".
- "توركیا یەكێكە لە وڵاتانی پێشەنگی بەرەوپێشچوونی دیموكراسی و، لە هەمان كاتدا پێشكەوتنی ئەنجامداوە".
داودئۆغڵو ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری توركیا زۆری بەسەردا تێنەپەڕیوە.
داودئۆغڵو گوتی: "هەموو پێكەوە بەهۆی گەیشتنی وڵاتەكەمان بەم ئاستە یادی شەهیدانمان كردەوە و ئومێدەكانمان بە ئایندە لەگەڵ گەلەكەمان دەربڕی. كۆماری توركیا ئیدی یەكێكە لەو وڵاتە پێشەنگانەی كە بەسیستمێكی دیموكراسی بەڕێوەدەبرێت و گەشەسەندنی دیموكراسی و بووژانەوەی لەیەك كاتدا ئەنجامداوە".
داودئۆغڵو جەختی كردەوە كە هەوڵەكانی توركیا لەپێناو دیموكراسیدا بەردەوامدەبێت.
داودئۆغڵو گوتی: "هەموو پێكەوە هاتووینەتە سەر سندووقەكان. چەند سەعاتێك ماوە بۆ داخستنی سندووقەكان. تەواوی هاووڵاتییان بۆ نیشاندانی ئیرادەیان لەسەر سندووقەكان بانگهێشتدەكەم. هەموان بانگهێشت دەكەم وەك جەژنی دیموكراسی پیرۆزبایی لەیەكتر بكەن و بێ جیاوازی بۆچوونی سیاسی لەپێناو ئایندەی دیموكراسی وڵاتەكەماندا سڵاو لەیەكتر بكەن".
داودئۆغڵو رایگەیاند تا ئێستا هیچ رووداوێكی نەرێنی رووی نەداوە و گوتی: "من بەتایبەتی لەبارەی ئاسایشی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ پارێزگارەكان گفتوگۆم كردووە. سوپاس بۆ خوا جارێكی دیكە بەئارامی و ئاشتی دەچینە سەر سندووقەكانی دەنگدان".
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا لەمێژووی سیاسیی توركیادا ئەمە یەكەمجارە لەو ماوە كورتەدا بۆجاری دووەم هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.
داودئۆغڵو گوتی: "ئەو جۆشوخرۆشەی من دەیبینم لەدەوری سندووقەكان ئومێدبەخشە. بەتایبەتی دەمەوێت جەخت لەوە بكەمەوە، رەنگە كەسانێك هەبن دەنگۆی جۆراوجۆر بڵاوبكەنەوە لەبارەی ئاسایشی هەڵبژاردنەوە و بیانەوێت رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی پێ دابەزێنن. تا ئێستا لەهیچ شوێنێكی توركیا هیچ رووینەداوە و لە هەموو لایەكی توركیا رێوشوێنی توند گیراوەتەبەر و تكا لە هاووڵاتییان دەكەم متمانە بە دەوڵەت و هێزەكانی ئەمنی بكەن. بەتایبەت لە ناوچەكانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات كە دەنگۆی جۆراوجۆریان تێدا بڵاوكراوەتەوە، لەهەر شوێنێكی شار و شارۆچكە و گوندەكاندا لەكەشێكی ئارامدا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. ئینشائەڵڵا تا ئێوارە وەك هەمیشە هاووڵاتییانمان بەشێوازێكی دیموكراسی خاوەندارێتی لە ئیرادەیان دەكەن".
- "بەڕێوەبردنی وڵات، پلە و پێگەی درێژخایەنی ناوێت، بەڵكو خزمەتكردنی درێژخایەنی دەوێت".
داودئۆغڵو گوتی: "بەڕێوەبردنی وڵات سپاردەیەكە. سپاردەیەكە لەدەستی گەل وەردەگیرێت و پلە و پێگەی درێژخایەنی ناوێت بەڵكو خزمەتكردنی درێژخایەنی دەوێت. لەوڕووەوە ئومێدەوارم ئەنجامەكانی ئەمڕۆ خێری تێدادەبێت بۆ هەموان و بۆ 78 ملیۆن لە دانیشتوان. بەشداریكردنمان لە هەڵبژاردنەكاندا لە كەشێكی دیموكراسیدا بۆخۆی دەستكەوتە. دوای جەژنی كۆماری ئومێدەوارم لە جەژنی دیموكراسیدا ئەنجامی باش بەدەستبهێنرێت".
-"وتەیەك پێشكەش دەكەم"
داودئۆغڵو لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەواندا لەبارەی ئەوەی دوای ئاشكرا بوونی ئەنجامەكان وتارێك پێشدەكات یان نا گوتی: "ئەنجامەكە هەرچییەك بێت با ببێت ئێوارە وتارێك پێشكەش دەكەم".
داودئۆغڵو لەماڵی خۆی لە كۆنیا چاودێری هەڵبژاردنەكان دەكات و چاوەڕواندەكرێت ئێوارە بگاتە ئەنقەرەی پایتەخت.