هەولێر
داعش لەو نامیلكەیەیدا ئایەتێك بە نیوەناچڵی و ناتەواوی دەنووسێتەوە كە باس لە هاوبەشی دانان بۆ خوا دەكات.
لە دوو رۆژی رابردوو رێكخراوی داعش نوێترین نامیلكەی چاپكراوی خەلافەتەكەیان بە ناونیشانی" دڵسۆزی بۆ ئیسلامە نەك نیشتمان!" بەسەر بەشێك لە دانیشتوانی شاری مووسڵ بەبێ بەرامبەر بڵاوكردووەتەوە.
ئەو نامیلكەیە كە لە قەبارەیەكی بچووكدا و لە لە دوو تۆی نۆ لاپەڕەدا لە چاپخانەكانی ژێر دەستی دەوڵەتەكەی داعش لە چاپدراوە لە سەرەتاكەیدا باسی نیشتمان پەروەریی و مێژووی سەرهەڵدانی ئەو چەمكە دەكات و تێیدا هاتووە" نیشتمان پەروەری چەمكێكە لە ئەنجامی ئەو گۆڕانە فیكری و سیاسییانە هاتووەتە كایە كە بووە هۆی دووبارە بونیادنانەوەی كۆمەڵگە ئەورووپییەكان لە كۆمەڵگە گەلێكی ئاینیی راوەستاو لەسەر بنەمای مەزهەبی(پڕۆتستانت، كاسۆلیك، ئەرسەدۆكس، ئەرمەن) بۆ كۆمەڵگەگەلێكی راوەستاو لەسەر نەتەوە و نیشتمان".
لەو نامیلكەدا داعش پێیوایە داهێنانی چەمكی نیشتمان پەروەری بۆ لابردنی سەرنجی مرۆڤەكانە لە خۆشەویستی و دڵسۆزییان بۆ خوا و ئیسلام و بردنیانە بەرەو هاوبەش دانان بۆ خوا و ئەوەش بە كوفر دادەنێت و بەم ئایەتە پیرۆزەی قورئانیش بەڵگە دەهێنێتەوە "و من الناس من يتخذ من دون الله أندادا يحبونهم كحب الله و الذين أمنو أشد حبا لله".
بەپێی بەدواداچوونی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ ئەو نامیلكەیە كە كۆپییەكی لە یەكێك لە دانیشتوانی نێو مووسڵەوە دەست خستووە، داعش لەو نامیلكەیەدا ئەو ئایتەی نیوە كردووە و نیوەی ئەو ئایەتە كە ژمارە 165ی سوڕەتی بەقەڕەیە لە قورئان قرتاندووە، تەواوی ئایەتەكەش بەمشێوەیە" ومن الناس من يتخذ من دون الله أندادا يحبونهم كحب الله والذين أمنوا اشد حبا لله ولو يري الذين ظلموا اذ يرون العذاب أن القوة لله جميعا وأن الله شديد العذاب".
هەر لەو نامیلكەدا داعش نەتەوایەتی و نیشتمان پەروەری بە رێگەی جاهیلییەت دەزانێت و لەو نامیلكەدا هاتووە" نەتەوایەتی لەو رێگە لادەرانەن كە خاكی ئیسلامی داگیركردووە لە دوای كەوتنی خەلافەت و نەمانی خاكی ئیسلام، وە لەو نەتەوایەتییە پیسەوە نیشتمان پەروەریی قێزەون لەدایكبوو".
هەروەها لەو نامیلكەیە نیشتمان پەروەریی بە دژایەتیكردنی دڵسۆزی و ملكەچ بوون بۆ ئیسلام و قورئان لە قەڵەم دراوە، لەوێ دا هاتووە" نیشتمان پەروەران ملكەچی و دڵسۆزییان بۆ سنووری نیشتمانی خۆیانە بەتەنها و گوێ بەو یاسایانە نادەن كە شەرع دیاری كردووە و دژایەتی دەقەكانی شەرع دەكەن".
لەو نامیلكەدا هاتووە: "پاش راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و وڵاتانی دیكەی خودا و دوای ئەوەی خاكی خەلافەت بووە خاكی كۆچ و جیهاد، ئەوا لەسەر سەرجەم موسوڵمانانی دانیشتووی خاكی كوفر وەكو وڵاتانی عەرەبی و ئەو وڵاتانەی ناوی خۆیان ناوە ئیسلامی ئەمڕۆ بووە بە ئەرك كۆچ بۆ دەوڵەتی ئیسلامی بكەن و واز لە وڵاتانی خۆیان بهێنن".
داعش لەو نامیلكەیەدا لەبارەی ئەوانەشی كە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەوانییان بەجێهیشتووە و ئاوارەی ناوچەكانی تر بوون لەوانە هەرێمی كوردستان لەو نامیلكەیەدا دەڵێت: "باشە هەندێك لەوانەی لەسەر موسوڵمانان حسابن و وڵاتی ئیسلامییان بەجێهێشت و چوونە وڵاتی كوفر و پەنایان بۆ ئەو وڵات و ناوچانە برد كە لەژێر دەسەڵاتی رافیزە و عەلمانی و خاچ پەرەستانن چۆن لە رۆژی قیامەت وەڵامی خوای گەورە دەدەنەوە".