سياسەت, عێراق

خۆپیشاندانەکانی عێراق.. برینداربوونی ٢٥ خۆپیشاندەر و ٤٥ کارمەندی ئەمنیی

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق: "لە میانی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە ٤٨ کاتژمێری رابردوودا، ٢٥ خۆپیشاندەر و ٤٥ کارمەندی ئەمنی برینداربوونە و ٩١ کەس بەهۆی تێوەگلانیان لە توندوتیژییەکان، دەستگیرکراون".

Sarmand Hameed  | 28.10.2020 - نوێکردنەوە : 28.10.2020
خۆپیشاندانەکانی عێراق.. برینداربوونی ٢٥ خۆپیشاندەر و ٤٥ کارمەندی ئەمنیی

Iraq

بەغدا - AA

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، لە میانی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە ٤٨ کاتژمێری رابردوودا، ٢٥ خۆپیشاندەر و ٤٥ کارمەندی ئەمنی برینداربوونە و ٩١ کەس بەهۆی تێوەگلانیان لە توندوتیژییەکان، دەستگیرکراون.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، لە یەکەمین سالیادی خۆپیشاندانەکانی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا خۆپیشاندان لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو و لە میانیدا رووبەڕووبوونەوەی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویدا و توندوتیژییان لێکەوتەوە.

لە راگەیەنراوەکەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق هاتووە: "لە میانی خۆپیشاندانەکانی هەردوو رۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا، برینداربوونی ١٣ خۆپیشاندەر بەهۆی لێدانیان بە داری پۆلیسی لەگەڵ برینداربوونی هەشت کارمەندی ئەمنی لە بەغدا تۆمارکراون".

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە هێزە ئەمنییەکان بۆمبی گازی فرمێسکڕێژیان دژبە خۆپیشاندەران بەکارهێناوە و ٩١ کەسیشیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی توندوتیژی دەستگیرکردووە لەوانەی کە مۆڵوتۆفیان هاوێشتووە و پەلاماری هێزە ئەمنییەکانیان داوە و ئاگریان لە ژمارەیەک ناوەندی بازرگانی بەرداوە.

ئەوەش خراوەتە روو کە کۆمیسیۆنەکە برینداربوونی ١٢ خۆپیشاندەر و ٢٢ لە هێزە ئەمنییەکانی لە پارێزگای بابل و برینداربوونی ١٥ کارمەندی دیکەی ئەمنی لە پارێزگای کەربەلا تۆمارکردووە.

لە راگەیەنراوەکەدا هیچ وردەکارییەک لە بارەی جۆری برینی بریندارەکان نەخراوەتەڕوو.

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماری برینداربوونی خۆپیشاندانەکانی رۆژی یەکشەممەی بڵاونەکردووەتەوە.

لەلای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردبوو کە لە میانی خۆپیشاندانەکانی یەکەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، ٢٤٠ کەس برینداربوون کە ٢٠٠یان لە هێزە ئەمنییەکانن، هەروەها ١٤١ خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون.

مانگی ئابی رابردوو، حکوومەتی عێراق رایگەیاند، لە میانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا کە حکوومەتی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا، ٥٦٥ کەس لە خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکان کوژران.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın