سلێمانی
لەو ڕێوڕەسمەدا کەئەمڕۆ لەھۆڵی پارێزگای سلێمانی، بەبەشداری نوێنەری سەرۆک کۆماری عێراق و ژمارەیەک لەئەندامانی پەرلەمانی عێراق، و پارێزگارانی سلێمانی و کەرکوک بەڕێوەچوو، خەڵاتی ئەو خوێندکارانەی ھەردوو پارێزگاکە کرا کەلەسەر ئاستی بەشەکانییان لەتاقیکردنەوەی قۆناغی١٢ دا پلەی یەکەمییان بەدەست ھێناوە.
بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لەپەرلەمانی عێراق بورھان محەمەد فەرەج لەلێدوانێکیدا بە (AA) گوت "وەک لیژنەی پەروەردە بەباشمان زانی خەڵاتی خوێندکارە یەکەمەکانی ئەو دوو پارێزگایە بکەین، خەڵاتەکەش بریتییە لەخەڵاتی مادی و مەعنەوی بۆ ھاندانی زیاتری ئەو خوێندکارانەو کێبڕکێی زیاتر لەبواری پەروەردەدا".
فەرەج ئاماژەی بەوەش کرد "پڕۆژەیەکیان ئامادە کردووە بۆ پێدانی ٣٠ ھەزار دینار بەھەموو قوتابییەکی قۆناغی بنەڕەتی لەعێراقدا، بۆ ئەو مەبەستەش ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی عێراق وەرگیراوەو تەنھا خوێندنەوەی دووەمی لەپەرلەمان ماوە".
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی نەجمەدین عەلی، لەلای خویەوە داوای کرد ھەموو لایەنەکان ھەوڵی بەرەو پێش بردنی تواناکانی خوێندکار بدەن تاوەکو تاکێکی سەرکەوتووی کۆمەڵگەی لێدەربچێت.