بەغدا
گوتەبێژی هێزەكانی حەشدی شەعبی ئەحمەد ئەسەدی گوتی: "هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ رزگاركردنی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین و شاری رومادی لە پارێزگای ئەنبار لە تیرۆریستانی داعش دەستی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن كردووە و ئۆپەراسیۆنەكە سەعات پێنجی بەیانی ئەمڕۆ دەستی پێكردووە و ناوی ئۆپەراسیۆنەكە لەبەیك یا حوسێنە".
ئەسەدی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی لە باڵەخانەی زانیاری و گەیاندنی حەشدی شەعبیدا گوتی: "ئۆپەراسیۆنی لەبەیك یا حوسێن لە باكوور و باشووری رۆژئاوای سەڵاحەدین و و باكووری رۆژهەڵاتی رومادیدا تیرۆریستانی داعشی كردووەتەوە ئامانج. ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی لەبەیك یا رەسولەڵلایە كە دووی مانگی ئاداری رابردوو بۆ رزگار كردنی تكریت دەستی پێكردبوو و ئامانجمان شكاندنی گەمارۆكانی داعشە لە رومادییە و فەرمانداریەتی ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دەستی حەشدی شەعبیدایە".
ئەسەدی باسی لە رووداو و پێشهاتەكانی ئەنبار كرد و گوتی: "دوای بڕیاری سەرۆكوەزیران حەیدەر عەبادی هێزەكانی حەشدی شەعبی بەرەو رومادی جووڵەیان پێ كراوە و بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ لە مەیدانی شەڕدا بەدەستمان گەیشتوونە، شاری رومادی لە سێ لایەوە دەورپێچ كراوە و دوێنێ هێزەكانی حەشدی شەعبی بە 35 كیلومەترە لە رۆژئاواوە نزیكی رومادی بوونەتەوە.
ئەسەدی گوتی: "هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ ئازاد كردنی هەموو ناوچەكان لەدەستی تیرۆریستانی داعش دەستیان بە ئامادەكاری بەرفراوان كردووە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی رەوشی ئەمنی بێجییەوە ئەسەدی گوتی: "بەشی هەرە گەورەی بێجی لە دەستی تیرۆریستان رزگار كراوە و لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا ناوچەكە بە گشتی رزگار دەكرێت".
ئەسەدی گوتی: "بەغدا هێڵی سووری ئێمەیە و بۆ رێگریكردن لە هەر جۆرە هێرشێكی گرووپەكانی تیرۆریستی لە بەغدا، لە هەر چوارلاوە تۆڕی بەرگریكردن لە بەغدا دامەزراوە".
ئەسەدی گوتیشی: "چەك و تەقەمەنی پێشكەوتوو گەیشتووتە دەستی هێزەكانی حەشدی شەعبی، ئەمە بۆ دوژمن دەبێتە سورپڕایز، لە ئۆپەراسیۆنەكانی داهاتوویشدا زۆر بە بەرفراوانی ئەو چەكانە بەكار دەهێنین وهیچ پێویستییەكیشمان بە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی هێزی هاوپەیمانان نابێت و لەگەڵ هاوپەیمانانیشدا هیچ جۆرە هەماهەنگی و هاوكارییەك ناكەین، پەیوەندی كردن و هەماهەنگی كردن لە دەستی سەرۆكوەزیران دایە".
ئەسەدی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "لە پارێزگای سەڵاحەدین و ناوچەكانی دیكە زیاتر لە چوار هەزار چەكداری هۆزەكان لە نێو رێزەكانی حەشدی شەعبیدا لە دژی تیرۆریستان شەڕ دەكەن و ئەو هێزانەیش لە ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆدا بەشدارن".
ئەسەدی لە بەردەوامی قسەكانیدا باسی لە لێدوانەكانی وەزیری بەرگری ئەمریكا ئاشتۆن كارتەر لە بارەی سوپای عێراقەوە كرد و گوتی: "سوپای ئەمریكا بە ساڵانە راهێنانی بە سوپای عێراق كردووە و هاوكات لە چەندین رێگای جیاوازەوە هەوڵی بۆ لاواز كردنی ئەو سوپایە داوە و لێدوانەكانی كارتەریش بەشێك لەو سیاسەتەن".
لە لایەكی دیكەوە وەزیری بەرگری عێراق خالد عوبەیدی لەسەر پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك ئاماژەی بەوە كردووە كە لە دژی داعش لە پارێًزگای ئەنبار دەست بە ئۆپەراسیۆنێكی زۆر بەرفراوان كراوە.