هەولێر
ئەو بەنزینەی لە كوردستان هەیە نەفتای تێكەڵ دەكرێت و ئۆكتانی بۆ 75 بەرزبووەتەوە و گۆگردێكی زۆری تێدایە كە تووش بوون بە شێرپەنجە زیاتر دەكات.
ئەمڕۆ سێ پەرلەمانتاری لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان كە بریتی بوون لە هەریەك لە بڕیاردەری لێژنەكە رۆزا مەحموود و عەلی حەمە ساڵح و فایەق مستەفا ئەندامانی ئەو لێژنەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا لە باڵەخانەی پەرلەمان هۆشدارییان دایە حكوومەت لەوەی ئەگەر كوالیتی خراپی بەنزین چاك نەكرێتەوە كاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستی و گیان و ماڵی هاووڵاتییان دەبێت و رێژەی تووش بوون بە شێرپەنجە بەهۆی قورقوشمەوە زیاد دەكات.
لەو بارەیەوە ئەندامی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان عەلی حەمە ساڵح گوتی: "پاش تێكچوونی كوالیتی بەنزین بەدرێژایی دوو هەفتەی رابردوو بەدواداچوونمان بۆ ئەو كێشەیە كرد و گەیشتینە ئەوە ئەنجامەی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی بەنزین لە رابردوودا پشتی بە سێ سەرچاوە دەبەست كە ئەوانیش پاڵاوگەی بازیان، پاڵاوگەی كەڵەك، بەنزینی حكوومەت كە لە توركیا دەیكڕێ، ئەمە كێشەی بۆ دروست بوو، پاڵاوگەی كەڵەكیش لە چاككردن بوو چاك كرایەوە، بۆیە باشترین شت ئەوەیە ئێستا لە كەركووكەوە بەنزین بهێنرێتە سلێمانی و هەولێر بۆ ئەوەی كوالیتییەكەی باشتر بێت لەوەی هەیە".
ئاشكراشیكرد: "كۆمەڵێك كۆمپانیا نەفتایان لەگەڵ بەنزین تێكەڵ كردووە و رێژەی ئۆكتان گەیشتووەتە 75 و كوالیتی خراپ بووە، ئەو كوالیتییە خراپەی بەنزین ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا لە ماوەی مانگێكی تر رێژەی شێرپەنجە لە كوردستان زۆر دەبێت، چونكە رێژەیەكی زۆری ماددەی قورقوشمی تێدایە".
گوتیشی ئەو كۆگایانەشی لە ژێر دەستی حكوومەتن بەنزینی كوالیتی خراپ دابەش دەكەن.
ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە چەند پێشنیازێكمان خستووەتە بەردەستی وەزارەت، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە روونی پێگوتیین كە ئەوان توانای كۆنترۆڵكردنی كوالیتی بەنزینییان نییە، گوتیشی 12 تاقیگەی گەڕۆكیان هەیە كە بەشێكیان ئیش ناكەن و ئەوەش كێشەیە، وە ئەوان ئامادەن ئەو تاقیگانە بخەنە بەردەستی پارێزگاكان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە".
عەلی حەمەساڵح داوای لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كرد بە زوویی دەست لەو كێشەیە وەربدات بۆ چارەسەركردنی ئەو خراپییانەی لە كوالیتی بەنزیندا هەیە و جگە لە زیانێكی زۆری ماددی بە هاوڵاتییان لە ماوەی 15 رۆژی رابردوو چەندین ئۆتۆمبیلیش سووتاون و هەڕەشە لەسەر ژیانی چەندین كەسیش هەیە.
لەكۆتایی قسەكانیدا حەمەساڵح گوتی ئەوان خەم ساردی لەلایەن بەرپرسانەوە لە چارەسەركردنی ئەو كێشەیە دەبینن، راشیگەیاند ئەو كەیسە دەگەیەننە داواكاری گشتی و وردەكاریی ئەو مەسەلەیەیان تێگەیاندوون.
لەلایەن خۆیەوە ئەندامی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان فایەق مستەفا لە لێدوانێكدا بۆ راگەیاندنەكان گوتی: "بەهۆی كوالیتی خراپی بەنزینەەوە لە دوو هەفتەی رابردوودا جگە لە تێكدانی ژینگە، زیانی ماڵیش بە هاووڵاتییان گەیشتووە، لەو ماوەیەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هیچ رێوشوێنێكیان نەگرتوەتە بەر بۆ ئەوەی حاڵەتەكە رابگیرێت و سەرپێچیكاران سزا بدرێن و قەرەبووی هاووڵاتییان بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی لە لێژنەكەمان نەگەیشتینە ئەنجام بڕیارمان دا هەرسێ پەرلەمانتار ئەو كەیسە لە داواكاری گشتی بجوڵێین".
مستەفا گوتیشی لە زۆرینەی هەرە زۆری بەنزینخانەكانی هەرێمی كوردستان بەنزینی كوالیتی خراپ بڵاوبووەتەوە و تایبەت نییە بە دەڤەرێك یان لە شوێنێك كە لە سەرچاوەیەكی دیاریكراوەوە بهێنرێت.
حكوومەتی هەرێمیشی بە بەرپرسیار لە چارەسەركردن و بەدواداچوونی ئەو كێشەیە ناوبرد.
عەلی حەمەساڵح لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: "لە دهۆك 150ی پاڵاوگە هەیە، بەگشتی لە كوردستاندا زیاتر لە 700 پاڵاوگە هەن، بۆیە لەگەڵ حكوومەت رێككەوتوین ئەوەی باشە و كەڵكی هەیە بمێنێتەوە، ئەوانەی دیكەش بەپێی پرۆژەیەك رێكبخرێنەوە و هەر 20 بۆ 30 پاڵاوگە سەرمایەیان یەكبخەن بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی باشتر و پاڵاوگەیەكی باشتر دابمەزرێنن، چونكە ئەوان ئێستا یەك لیتریش بەنزین بەرهەم ناهێنن و تەنها نەوتی رەش و گازوایلی خراپ نەبێت".