هەولێر
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەربارەی ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و ئەوەی ئایە ئامانجی خۆی پێکاوە یان نا، گوتی: "بێگومان ئەو هێزەی کە مانگ و نیوێکە لە کۆبانێیە و جارێکیش ئاڵوگۆڕمان پێ کردن، توانیویانە ئامانجەکان بپێکن. دیارە ئامانجی سەرەکیمان لە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ یارمەتی شەڕڤانانی ئەوێیە کە لەگەڵ داعش شەڕ دەکەن و هەوڵی ئەوە دەدەن کە کۆبانێ لە داعش بپارێزن، لە کاتێکدا سەرەتا ٧٥%ی شاری کۆبانێ بەدەست داعشەوە بوو، هەنووکە ٢٥%ی ئەو شارە بەدەست داعشەوەیە کە بەردەوامیش لە پاشەکشەدایە".
"هیچ ماوەیەکی دیاری کراو نییە بۆ مانەوەی پێشمەرگە و تا شەڕڤانەکانی بەرگریکاری کۆبانێ و پەیەدە پێویستی بێت ئێمە پشتیوانیان دەبین."
جەبار یاوەر لەمەڕ ئەوەی کە ئایە رێککەوتن هەیە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و یەپەگە و تورکیا کە ئەو هێزە بۆ ماوەی سێ مانگ لەوێ بێت؟ گوتی: "هیچ ماوەیەکی دیاریکراو نییە بۆ مانەوەی هێزەکە لەوێ و تا شەڕڤانەکانی بەرگریکاری کۆبانێ و پەیەدە پێویستی بێت ئێمە پشتیوانیان دەبین. لە دانیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری هاوپەیمانان و لایەنی تورکیا تەنیا مەرج ئەوە بووە، کە ئەو پێشمەرگانەی دەڕۆنە کۆبانێ باج و ناسنامەی پێشمەرگایەتی خۆیان پێ بێت کە ئەوەش شتێکی ئاساییە چونکە لە هەموو وڵاتان کەسێک کە هاتوچۆ دەکات دەبێتت ناسراو بێت و خاوەنی ناسنامەی خۆی بێت و ئەو چەکەی لەگەڵ خۆیدا دەیبات خۆی بەکاری بێنێت و ئەگەر دواڕۆژ لەوێ نەمان چەکەکانی خۆیان بێننەوە. چونکە ئەوە چەک و تەقەمەنی هێزی پێشمەرگە و یەکەی خۆیەتی، ئێمە نە مەرج و نە کاتی دیاریکراومان بۆ مانەوەی ئەو هێزانەمان لە کۆبانێ دیاری کردووە و چەند جارێکیش تەنانەت سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتویەتی ئەگەر پێویست بکات هێزی زیاتریش دەنێرین بۆ پشتیوانی کۆبانێ، ئێمە بە ئەرکێکی نەتەوایەتی خۆمان بۆ پشتیوانی کردن لە شەڕڤانان و هاووڵاتییانی کۆبانێ هەستاوین".
یاوەر لە وەڵامی ئەوەی ئایە ئامارێکی دیاریکراو هەیە لە بریندارەکانی هێزی پێشمەرگەی لە کۆبانێ گوتی: "دوانزە کەس بریندار بوونە کە بەشێکیان لە کۆبانێ و هەندێکیشیان لە هەرێمی کوردستان چارەسەر کران".
لە بارەی هاوکارییەکانی تورکیاشەوە گوتی: "تورکیا لە هەموو بوارەکاندا یارمەتیدەرمان بووە، رێگەی داوە بە ئاسانی ئەو هێزە بگاتە کۆبانێ و پێداویستییەکانی پێشمەرگەش لە رێگەی ئەوانەوە دەنێردرێن بۆ کۆبانێ، هەروەها بۆ پرسی ناردنی هێزەکانیشمان لە رێگەی ئاسمانیی یان زەوییەوە تورکیا بە تەواوی هاوکارمان بووە".
"گرتنەوەی شنگال بەهۆی شوێن و هەڵکەوتەی جوگرافییەوە دەبێتت بە وریاییەوە بۆی بڕوانین"
یاوەر لە وەڵامی ئەوەی کە بۆچی تا ئێستا شنگال کۆنترۆڵ نەکراوەتەوە؟ گوتی: "بە هۆی شوێن و هەڵکەوتەی جوگرافییەوە دەبێتت بە وریاییەوە بۆی بڕوانین، بۆ نموونەوە لە دهۆکەوە ٨٠ - ٩٠ کیلۆمەتر دوورە کە هیچ گوندێکی کوردنشینی لێ نییە و گوندەکانی عەرەب زۆربەیان پەیوەندییان بە گرووپی تیرۆریستی داعشەوە کردبوو. بۆیە دەبێت تا دەگەینە شنگال ئەو رێگەیە پاک بکرێتەوە، من هەموو جارێک هەڵکەوتەی جوگرافی شنگال دەشوبهێنم بە غەززە لە فەڵەستین واتە دابڕانی لە ناوچەی کەناری رۆژئاوا، شنگال دەیشوبهێنم بە کۆبانێ بە نیسبەت کانتۆنەکانی دیکەی جزیرە و ئەوانەوە. شنگال بەهۆی ئەو گوندە عەرەبانەوە دابڕاوە لە هەرێمی کوردستان، دیارە داعش هێزەکی زۆری هێنابوو بۆ شنگال و لە هەمان کاتیشدا عەرەباکانی ناوچەکەشی چەکدار کردبوو. لە راستیدا لەبەر ئەم هەڵکەوتەیە بوو کە بەرگریکردن لە شنگال زەحمەت بوو، بۆیە هێزەکە تووشی کشانەوە بوو یان چووە چیا. لە گرتنی شنگالەوە بەدەستی داعش تا ئێستا ١٢ هەزار کەس کە دوو هەزاریان چەکدارن لە چیای شنگالن و توانیویانە ئەو شاخە لە داعش بپارێزن، لەبەر ئەم هۆکارانەن کە دەبێت بە وردییەوە بڕوانینە رزگارکردنی شنگال، با زۆریشی خایاندبێت پلانی سەربازیی بۆ رزگارکردنی شنگال هەیە و بێگومان ئاشکرا ناکرێت".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی لە بارەی ئەوەی بۆ کۆنترۆڵکردنی شنگال کێ بڕیار دەدات و پێویستیان بە چ هێز و لایەنێکە؟ گوتی: "بڕیار لای سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و ئەگەر هەماهەنگی هەبێت بە تایبەت لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان کە لە رێی فڕۆکە جەنگییەکانەوە لە ئاسمانەوە هاوکار بن پێویستیمان پێیان دەبێت. هەم خەڵکی ناوچەکە و تەنانەت حکوومەتی ئیتحادیش دەتوانن لەم پڕۆسەیەدا بەشدار بن و ناتوانم کاتێکی بۆ دیاری بکەم".
یاوەر لە وەڵامی ئەوەی لەبەرچی عەرەبەکانی ناوچەی شنگال کە باستان کرد لایەنگریی داعشیان کرد، ئایە بەهۆی ناڕازی بوون لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان یان پێچەوانە لە داعش گەیشتن؟ گوتی: "کێشەیەکی سیاسی لە عێراق لە نێوان کۆتلە سیاسییەکان هەیە، ئەم کێشەیە یەکێک لە هۆکارەکان بوو کە برا عەرەبە سونەکانی ئەو ناوچەیە لەبەر رقیان لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق ئیتر زۆربەیان وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لایەنگری داعشیان کرد. هەروەها هەڵە تێگەیشتنی کۆنە بەعسییەکانیش کە پێیان وابوو بەم جۆرە دەگەنە مافی خۆیان و تۆڵەی خۆیان لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەنەوە بەشێکی ترە لە هۆکارەکان. دیارە وەک دوا هۆکاریش دەتوانین باسی ئەوە بکەین کە داعش ئەو ناوچانەی کۆنترۆل کرد و بە زۆرەملێ خەڵکی ناچار کرد چەک هەڵگرن".
"پڕۆسەی رزگارکردنی موسڵ پڕۆسەیەکی زەحمەتە و پێویستی بە کارێکی یەکجار زۆر هەیە و ناکرێت بشوبهێنرێت بە شنگال"
یاوەر لەمەڕ ئەوەی ئایە شەڕی شنگال گرێدراوە بە شەڕی موسڵ؟ چاوەڕێ دەکەن موسڵ کۆنترۆڵ بکرێت دواتر شنگال؟ گوتی: "پڕۆسەی رزگارکردنی موسڵ پڕۆسەیەکی زەحمەتە و پێویستی بە کارێکی یەکجار زۆر هەیە و ناکرێت بشوبهێنرێت بە شنگال و هیچ پەیوەندییەکی بە موسڵەوە نییە. موسڵ ئیشی زۆری دەوێت، هەروەها خەڵکی ناوچەکەش رۆڵ دەبینن، ئەگەر بەس یەک لایەن بڕوات بۆ رزگار کردنی موسڵ بۆ نموونە بەس کورد یان شیعە ئەوە دەبێتە شەڕێکی ناوخۆیی لە نێوان کورد و عەرەب یان شیعە و سونە، دیارە هەر ناوچەیەک بێگومان تایبەتمەندی خۆی هەیە".
ناوبراو لە وەڵامی پرسیاری گرنگی کورد و بەشداری لە پڕۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ چۆن دەبینن؟ گوتی: "چەند جارێک جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە رایگەیاندووە هەر کاتێک پلانێکی گونجاو هەبوو بۆ رزگارکردنی موسڵ و خەڵکی ناوچەکە بەشدار بوون و پشتیوانی نێودەوڵەتیشی لەگەڵ بوو و ئێمە پلانەکەمان بە گونجاو زانی، ئەو کاتە بەشدار دەبین وەک لایەنێک بە پێی ناوچە و توانای خۆمان. کورد دەبێت رۆڵی هەبێت چونکە ناوچەیەکی یەکجار زۆری هەیە کە سەر بە موسڵە و کوردنشینن بۆ نموونە زوممار، شنگال، تلکێف، باشیک و قەرەقووش کە ئیداری سەرە بە موسڵە. هەروەها موسڵ لە رووی جوگرافییەوە لە باکوور سنووری لەگەڵ سووریا هەیە لە باشووریش لەگەڵ ناوچەکانی حکوومەتی فیدراڵ، بەڵام رۆژهەڵاتی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستانە".
سەبارەت بەوەی کە ئایە بەغدا داوای لێ کردوون بەشدار بن لە کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ؟ یاوەر گوتی: "هێشتا پڕۆسەی رزگارکردنی موسڵ ئامادە نەکراوە، دیارە زۆر دەنگوباسیش هەیە کە دەڵێت تا کۆتایی ساڵی داهاتووش موسڵ رزگار نابێت چونکە دەبێت ئامادەکاری بۆ بکرێت. ئەو هێزەش لای باشیک راهێنانی پێ دەکرێت هێزی پۆلیسی موسڵە کە هێشتا بە تەواوی کۆ نەبووەتەوە، رەنگە نزیکەی پێنج تا شەش هەزار بن و موسڵیش بەو هێزە رزگار نابێت چونکە شارێکی گەورەیە و هێشتا گرووپی داعش لای رومادییە و لە سەڵاحەدینە و لە بەلەدە، چۆن دەکرێت هێزی حکوومەتی فیدراڵ ئەم ناوچانە رزگار نەکات و بەرەو موسڵ بڕوات؟ هەموو شارەزایەکی سەربازیی دەزانێت ئەمە ئامادەکاری دەوێت. ئەمە دەگەڕێتەوە سەر پلانی حکوومەتی فیدراڵ کە چۆن هێز بۆ رزگارکردنی موسڵ ئامادە دەکات، هێز دەبێت لە خەڵکی ناوچەکە بێت، جاران موسڵ دوو فیرقەی سەربازیی لێ بووە بێجگە لە فیرقەی پۆلیسی حکوومەتی ئیتحادی و بێجگە لە ٢٣ هەزار پۆلیس واتە ٦٠ هەتا ٧٠ هەزار چەکداری عێراقی نەیتوانیوە پارێزگاری لە موسڵ بکات. بۆیە دەبێت رومادی و سەڵاحەدین رزگار بکرێت خەڵکی ناوچەکە و هۆزەکان هاوکار بن، من لە ماوەیەکی نزیکدا توانای رزگار کردنی موسڵ نابینم".
"هیچ هێزێکی سەربازیی تورکیا لە کوردستان نییە و خەرجی ئەو راوێژکارە سەربازییانەی وڵاتانی بیانی کە لە کوردستانن لە ئەستۆی وڵاتی خۆیانە".
جەبار یاوەر لە وەڵامی ئەوەی ئایە هێزی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەیە؟ گوتی: "هیچ هێزێکی سەربازیی تورکیا لە کوردستان نییە بێجگە لەو راوێژکارانەی کە لە ناوەندەکانی راهێنان هەن، وەک راوێژکارانی وڵاتانی دیکەی بیانی".
لە وەڵامی پرسیاری خەرجی ئەو راوێژکارە سەربازییانەی وڵاتانی بیانیم یاوەر رایگەیاند کە خەرجییەکانیان لە ئەستۆی وڵاتی خۆیانە.
"تورکیا بە چەک و تەقەمەنی یارمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی داوە"
ناوبراو دەبارەی هاوکاری تورکیا بۆ هێزی پێشمەرگە گوتی: "هەروەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی کرد تورکیا بە چەک و تەقەمەنی یارمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی داوە، کە دیارە سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمانان دەکەین هەروەها تورکیاش کە کاتێک هێزی پێشمەرگەمان ناردە کۆبانێ سەرەڕای ناکۆکییە ناوخۆییەکانی تورکیا، بەڵام سنووریان کردەوە و یەکەمین جارە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە درێژایی ئەو سنوورە بە چەکی خۆی و بەو هەموو هەڵڵایەی کە بە سوپاسەوە ئاپۆرای خەڵک خوڵقاندی، ئەمە شتێکی نوێ و گرنگ بوو و سوپاسی ئەم هاوکارییەی تورکیا دەکەین".
پەیوەندی پێشمەرگە و بەغدا
یاوەر دەربارەی پەیوەندی خۆیان لەگەڵ بەغدا گوتی: "ئێمە وەک خۆمان پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هەر لە سەرەتای هاتنی داعشەوە بووە و لە ناوچەکانی کەرکووک، دوزخورماتوو، خانەقین، قەرەتەپە، سەعدییە، جەلەولا و شنگال لەگەڵ هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی C130ی عێراقی هەماهەنگیمان بە یەکەوە هەبووە و زۆریش یارمەتییان داوین. تا ئێستاش هاوکارییە مرۆییەکان بۆ چیای شنگال لە لایەن هێلیکۆپتەری عێراقییەوە بەردەوامە".
لە وەڵامی پرسیاری ئایە پێشمەرگە وەک بەشێک لە سوپای عێراق هەژمار دەکرێت؟ یاوەر گوتی: "هەڵەیەک هەیە لە چۆنییەتی خانەخانەکردنی هێزەکان، بە پێی دەستوور حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامودەزگای خۆیان هەیە و ماف لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داروە کە حکوومەتێکی هەرێمیی و وەزارەتی هەبێت. هێزی پێشمەرگە کە پێی دەڵێن هێزی پاسەوانی هەرێم و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن و لە چوارچێوەی دەستووردایە. ئێمە بەشێکین لە سیستمی بەرگریی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق بۆیە مافی خۆمان هەیە کە داوای مووچەی خۆمان بکەین و لە دوایین دانیشتنیشدا کە شاندێک بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد، بڕیارە لە بودجەی ٢٠١٥دا تریلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دیناری عێراقی مانگانە بۆ هێزی پێشمەرگە دیاری بکرێت".
جەبار یاوەر دەربارەی گلەییان لەوەی کە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان کە چەک و تەقەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان دێنن لە بەغدا دەپشکێنرێن، گوتی: "گلەییەمان کردووە هەم لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و هەمیش وڵاتانی بیانی و لە لایەن باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتانەی یارمەتییەکانمان بۆ دەنێرن داوامان کردووە کە لە رێی پەیوەندییەکانی خۆیان ئەوە بە دەوڵەتی فیدراڵ بڵێن. ئێمە پێشنیارێکمان ئاڕاستە کردووە کە ئەو شەش ئەفسەرەی وەزارەتی بەرگریی کە لە هەرێمی کوردستانن با ئەوان بەو ئیشە هەستن، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک لە بەغداوە نەهاتووە".
جەبار لە بارەی یارمەتی چەک و تەقەمەنی بەغدا بۆ هەرێم گوتی: "لە سەرەتای پەلاماری داعشەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر کەم، واتە یارمەتییەکی زۆر کەمی کردووە".
"نازانین فڕۆکەی جەنگیی ئێرانی ئۆپەڕاسیۆنی ئاسمانیی لە جەلەولا و مەخموور کردووە یان نا"
ناوبراو لە بارەی ئەو هێزەی کە جەلەولا و سەعدییەی کۆنترۆڵ کردەوە، گوتی: "جەلەولا بەدەستی هێزی پێشمەرگە رزگار بوو، بەڵام ئەو هێزەی کە سەعدییەی رزگار کرد سوپای عێراق بوو لەگەڵ هێزەکانی خۆبەخشی شیعە و هێزی پێشمەرگەش بەشدار بوون".
یاوەر لە وەڵامی دەنگۆی بەشداریکردنی فڕۆکەی جەنگیی ئێرانی لە ئۆپەڕاسیۆنی ئاسمانیی لە جەلەولا و مەخموور؟ گوتی: "ئێمە لە کوردستان سیستمی رادارمان نییە و دەیان جۆر فڕۆکەی جەنگیی بیانی لە ئاسماندا هەن".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان جەبار یاوەر لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایە ئەو ناوچە جێناکۆکانەی پێشمەرگە کۆنترۆڵی کردوون دووبارە رادەستی سوپای عێراق دەکرێتەوە؟ گوتی: "ئێمە وەک هەرێمی کوردستان بەشێکین لە حکوومەتی فیدراڵی عێراقی و هێزەکانیشمان هەروەها بەشێکن لە سیستمی بەرگریی ئەم وڵاتە، خۆ ئێمە دوو وڵاتی جیا نین کە دژی یەکتر شەڕمان هەبێت. سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ عەبادی خۆی دەڵێت کە هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی نیشتمانیی عێراق".
"هەندێک چەکی قورسیش لە ئەڵمانیاوە هاتووە"
ناوبراو لە وەڵامی ئەوەی ئایە هیچ هێزێکی هاوپەیمان بەڵێنی دانی چەکی قورسی بە هێزی پێشمەرگە داوە؟ گوتی: "ئێمە ئەو داوایەمان بۆ هێزی هاوپەیمانان و حکوومەتی عێراق کردووە، هەندێک چەکی قورسیش لە ئەڵمانیاوە هاتووە بەڵام هەرچەند وەڵامەکان ئەرێنی بوون، هێشتا بڕیارێک نەدراوە و باوەڕ ناکەم زەحمەت بێت هەرێمی کوردستان لە ئایندەدا ببێتە خاوەنی چەکی قورس".
news_share_descriptionsubscription_contact

