واشنتۆن
لەسەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لەکاربەدەستانی ئەو وڵاتـە کردووە تا چەک و تفاقی شەڕی پێبفرۆشن، بەڵام کۆنگرێس بەو داوایە رازی نەبوون و خواستی مالیکیان رەتکردووەتەوە.
مالیکی لەداواکەیدا جەختیکردووەتەوە بۆ بەگژاچوونەوەی رێکخراوی ئەلقاعیدەو چەکدارە تورندڕۆکانی وڵاتـەکەی، پێویستی بەچەکی زۆرترە. کاربەدەستانی ئەمریکا پشتیوانی داواکەی مالیکیان بەھەند گرتووە بۆ بەگژاچوونەوەی ئەلقاعیدە تا سیستمی بەرگریی بەھێز بکات، بەڵام لەکۆنگرێس ئاستەنگ ھاتووەتە پێش داواکەی.
جۆن مەککەینی سیناتۆرو ھەندێک ئەندامی کۆنگرێسمان، لەبارەی مالیکی نامەیان بۆ باراک ئۆباما نووسیوە.
لەو نامەیەدا بە توندی ھێرشکراوەتە سەر حکومەتی مالیکی و بەوە تۆمەتبار کراوە کە پەرە بەناکۆکی تایفی دەدا، بۆیە دابینکردنی چەک بۆی چارەسەری ئەو کێشانە ناکات.
مەککەین و ھاوبیرەکانی ھانی ئەمریکایان داوە فشار بخاتە سەر مالیکی تا لەگەڵ کوردو سوننە زیاتر ھاوکاریی بکات. نوری مالیکیش بۆ ئەوەی کۆنگرێسمان و سیناتۆرە ناڕازییەکان قایل بکات، لەگەڵ کۆبووەتەوە.
لە بارەی کۆبوونەوەی مالیکی لە گەل کۆنگرێسدا، سەناتۆر بۆب کۆرکەر ئاشکرایکرد کۆبوونەوەو وتووێژەکان بەدڵی مالیکی نەبوون. لەوبارەیەوە زیاتر گوتی: "کۆبوونەوەی مالیکی لە گەل کۆنگرێس زۆر باش نەبوو."