بوداپێست
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داود ئۆغڵو، لە میانی سەردانی بۆ ھەنگاریا جەختیکردەوە تورکیا پەرە بەکاریگەریی جیھانی خۆی دەدا و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی گۆشەگیر نەکراوە.
داود ئۆغڵو لە بارەی کۆبوونەوەکانی خۆی لە بوداپێست گوتی: "لە ناوەڕاستی ئەوروپا سلۆڤاکیا و ھەنگاریا دوو وڵاتی دوستی تورکیان، لەمیانی سەردانی ئەمجارەم باسی پەیوەندییە دوو قوڵییەکانمان کرد، لە بوداپێست بەشداریم لە کۆبوونەوەی وڵاتانی کۆماری چیک، پۆلۆنیا، سلۆڤاکیا و ھەنگاریا کرد کە کۆبوونەوەیەکە دەتوانرێ پێی بگوترێ کۆبوونەوەی ١+٤. ھەر چەندە تورکیا ئەندامی گروپی ڤیسەگراد نییە بەڵام بە فەرمی بانگھێشتی کۆبوونەوەکە کرابوو."
لە وەڵامی پرسیاری ئایا لە رووی سیاسەتی دەرەوە تورکیا پەراوێز خراوە؟ داود ئۆغڵو گوتی: "باسی پەراوێزخستنی تورکیا لە دەرەوە پرۆپاگەندەی بێ مانان، با سەیری بەرنامەی یەک مانگی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بکەن و بە چاوی خۆیان ببینن کێ پەراوێز خراوە، لە بەرنامەی یەک مانگی سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا سەردانی ئێران و عێراق، کۆبوونەوەی ستراتیژیی ھاوەبەش لەگەڵ روسیا، سەردانی ئەمریکا و میانمار جێیان گرتووە و ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی باکووری ئەوروپا دەکا. قۆناغی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا بەردەوامە و لە سەر ئاستی ناوچەییدا پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دەراوسێ باش و بەھێزن."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ھەروەھا گوتی: "ھەموو دەستپێشخەرییەکانی ناوچەکە داوای ھاوکاریی و پشتگیریی لە تورکیا دەکەن، کێ چی دەڵێ با بلێێ. تورکیا بەردەوامە لە بەھێزکردنی کاریگەریی خۆی."