بەغدا
لەم سەردانەیدا بۆ ئەمریکا سەرۆک وەزیرانی عێراق نوری مالیکی لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما و جێگرەکەی جۆ بایدن و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکی دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا.
سەرچاوەیەكی عێراقی یاوەری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانەکەی ئەمریکا، بۆ AA گوتی: "سەردانەکە بەشێوەیەکی گشتی زۆر سەرکەوتو بوو و بەڵگەش بۆ ئەمە پێشوازیکردنی مالیکی لەلایەن باراک ئۆباماوە و رازیبوونی ئەمریکا لەبارەی ھاوکاریکردنی بواری ھەواڵگری و تیرۆر بە تایبەت لە دژی رێکخراوی قاعیدە، ئەمە جگە لە ئیمزاکردنی بۆندێک بۆ کڕینی فرۆکەی جۆری F١٦ و فرۆکە بێ فرۆکەوانەکان. بەڵام لە ھەمان کاتدا ئۆباما رەخنەی لە سیاسەتەکانی مالکی لە بەرێوەبردنی عێراق گرت بە تایبەت لەبارەی دوورخستنەوەی سونە مەزھەبەکان لە بەرێوەبردنی وڵات، داوای لە مالکی کردووە مامەڵەی لەگەڵ عێراق بەشێوەیەک بێت کە فرە مەزھەبی و ئاینی و نەتەوەیی وڵات لەبەرچاو بگیرێت."
ئەم دیپلۆماتە عێراقیە ھەروەھا گوتی: "مالکی لە سەردانەکەیدا نامەیەکی ئێرانی گەیاندە دەستی ئۆباما و تێیدا نووسراوە کە ئێران واز لە پشتگیریکردنی بزووتنەوەی حەماس لە فەلەستین و ھاوکاریکردنی ئەو بزووتنەوەیە دەھێنێت لەبەرامبەر ئەوەی نوری مالیکی بۆ جاری سێیەم ببێتەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق چونکە ئێران پشتگیری سیاسەتەکانی مالکی لە دەڤەرەکە دەکات، ئۆباماش ئەو داوایانەی لای خۆی تۆمارکردووە بەڵام وەڵامی ئەو داوایانەی نەداوەتەوە. ئەم داوایانەی ئێران لەلایەن ئۆباماوە دوای کۆبوونەوە و دیدارەکانی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی عێراق دەدرێنەوە کە ئەوانیش سەرۆکی ھەرێمی کورستانی عێراق مەسعود بارزانی کە پێشبینی دەکرێت دوو ھەفتەی دیکە سەردانی واشنتۆن بکات و ھەروەھا سەرۆکی لیستی عێراقیە ئەیاد عەلاوی کە ئێستا لە ئەمریکایە و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئوسامە نوجێفی کە پێشبینی دەکرێت لە دە رۆژی یەکەمی مانگی داھاتوو سەردانی ئەمریکا بکا و ھەروەھا سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای شۆرشی ئیسلامی لە عێراق (عەمار حەکیم) کە ھێشتا وادەی سەردانەکەی دیارینەکراوە."
ئەمەش لەکاتێکدایە کە چاودێران ئاشکرایانکرد ئەمریکا دەیەوەێ دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە چاوەڕوان دەکرێ رۆژی ٣٠ ئاداری ساڵی ٢٠١٤ بەرێوەبچی، نەخشەی سیاسی لەسەر بنەمای نەتەوەیی و تایفی لە عێراق بگۆڕێت بەشێوەیەک پۆستی سەرکۆماری بدرێتە تایفەی سونی و کاندیدی ھەرە بەھێزی ئەو پۆستە سەرۆکی پەرلەمانی ئێستا ئوسامە نوجێفییە ئەمەش لەبەر ئەوەی لایەنی کوردی ئەو پۆستەی بە بەتاڵی ھێشتۆتەوە دوای ئەوەی ساڵی رابردوو سەرکۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی بەھۆکاری نەخۆشی بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا گوێزرایەوە و تا ئێستاش کەسێک بۆ شوێنەکەی دیارینەکراوە و تا ئێستاش چارەنووسی دیارنیە ھەرچەند بەرپرسانی عێراق زۆر جار ھەوڵیانداوە لەرێگەی خێزانەکەیەوە زانیاری لەبارەی تەندروستی تاڵەبانی بزانن بەڵام نەگەیشتۆنەتە ئەنجام. ھەر بەپێی ئەو نەخشەیە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بدرێتە لایەنی کوردی و کاندیدی ھەرە بەھێزیش بۆ ئەو پۆستە پارێزگاری ئێستای کەرکووک د. نەجمەدین کەریمە و پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتیش بۆ تایفەی شیعە بێت و نوری مالکی ئەو پۆستە بۆ ویلایەتی سێیەم بەپێی تەوافقی نێوان سەرکردەکانی عێراق، بەڕێوەببا.
بەپێی بەیاننامەیەکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە کۆپیەکی دەست AA کەوتووە، مالیکی لەو سەردانەیدا کۆبوونەوەی چڕی لەگەڵ ھەریەک لە باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمەریکا و جێگرەکەی و وەزیری دەرەوە و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی بەتایبەت ئەوانەی تایبەتن بە دۆسیەی عێراق ئەنجامداوە و تیایاندا پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمەریکا لە ھەموو بوارەکاندا و چۆنیەتی پێشوەبردنیان لەسەر بنەمای رێکەوتنی ستراتیژی نێوان ھەردوولا و ھەروەھا دوایین پێشھاتەکانی رەوشی ناوچەکە و رۆڵی عێراق لە توندوتۆڵکردنی ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکە، گفتوگۆکراون. ھەردوولا پێویستی بەھێزکرنی ھاوکاری و ھاریکاری نێوانیان بۆ روبەرووبوونەوەی ھەموو ئەگەرەکان دووپاتکردۆتەوە.
ھەر بەپێی بەیاننامەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئۆباما بەڵێنی ئەمریکای بۆ پشتگیریکردنی عێراق و بەردەوامی پەیوەندی نێوانیان لە ھەموو بوارێکدا دووپاتکردۆتەوە و واشنتۆن بەرپرسیارێتی خۆی لەبارەی رێکەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ عێراق جێبەجێ دەکات.
ھەروەھا ھەردوو لایەن پابەندی خۆیان بۆ لەناوبردنی تیرۆر وەک ئامانجێکی ھاوبەشی ھەردوو دیارکردووە و بۆ ئەم مەبەستەش مالیکی داوایکردوە پەلە لە پرچەککردنی سوپای عێراق بکرێ و ئۆباماش رێنمایی داوەتە لێژنەی تایبەت بەم بابەتە، پەلە لەکارەکانیان بکەن.
بەیاننامەکە ھەروەھا دەڵێ: "ئۆباما خۆشحاڵی خۆی بۆ پێشەوەچوونی پەیوەندی عێراق و وڵاتانی جیھان بە تایبەت وڵاتە جیرانەکانی دیارکردووە لە نێوانیشاندا وڵاتی تورکیا و داوای لە مالیکی کردووە لایەنەکانی سوریا ھان بدات دەست بە گفتوگۆی ئاشتی بکەن و لە دۆسییەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران رۆڵیان ھەبێ و بگەن بە چارەسەرێکی ئاشتی بەشێوەیەک ماف بە ئێران بدات ببێتە خاوەنی پرۆگرامێکی ئەتۆمی لەبواری ئاشتی و وڵاتانی رۆژئاواش دڵنیابن کە ئامانج لەو پرۆگرامە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نیە. مالکیش ئامادەیی خۆی بۆ ھاوکاریکردن لە ھەردوو دۆسییەی سوریا و ئێران دووپاتکردۆتەوە بەشێوەیەک لە بەرژوەندی گشتی عێراقدا بێت و ئاڵۆزی و توندوتیژیەکان لە ناوچەکە کەمبکرێتەوە. ھەردوو سەرۆکی ئەمریکا و عێراق لەسەر پشتگیریکردنی رەوتی میانڕەو لە ناوچەکە بەمەبستی روبەرووبوونەوەی تەندڕۆکان و وڵاتانی کە پشتگیریان دەکەن؛ رێککەوتوون."