ھەولێر
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق نوری مالیکی بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیران لە ٢٩ی ئەم مانگە سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما و جێگری سەرۆک جۆ بایدن و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
شوان محەمەد تەھا پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا بۆ AAی گوتی: "ئامانجی سەردانی نوری مالیکی بۆ ئەمریکا و گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەند تەوەرێکی لەخۆ گرتوە، یەکەم بوونی ئەو ساردیەی ئێستا لەنێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە بەتایبەتی رێکەوتنی ستراتیژی نێوان بەغداو واشنتۆن، تەوەری دووەمیش پرسی سوریایە چونکە عێراق دەیەوێ دەستپێشخەری بۆ چارەسەرکردنی دۆسییەی سوریا ھەبێ و نایەوێ ئەو رووداوانەی لەناوچەکە روو دەدەن، بەزیانی ئەو بشکێتەوە بۆیە حکومەتی عێراق ھەوڵ دەدات، بەرژەوەندی وڵاتەکەی لەبەرچاو بگیردرێت."
بەرپرسێکی کوردیش لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان. کە نایەوێ ناوی بڵاوبکرێتەوە بۆ AAی گوتی: "سەردانەکەی مالیکی ئاشکرایە، بەڵام ئامانجی سەرەکی لەو سەردانە زیاتر بۆ پڕچەکردنی ھێزەکانی عێراقە."
لەبارەی کاندیدکردنەوەی مالیکی بۆ ویلایەتی سێیەم کەپێشتر ھەندێ لەبەرپرسانی دەوڵەتی یاسا ئەو پرسەیان ھێنایە بەرباس، ئەو بەرپرسەی حکومەتی ھەرێم گوتی: "پرسەکە زیاتر یاساییە نەک سیاسی و بەدوریشی نازانین بە بەھانەی مەترسی زۆربوونی کردەوە تیرۆریستییەکان و خراپبوونی بارودۆخی سیاسی عێراق مالیکی خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ ویلایەتی سێیەم لە ئەمریکا بخاتە بەرباس".
بەرپرسەکەی حکومەتی ھەرێم ئەوەشی نەشاردەوە کە ھەرێم و بەرپرسانی کورد نازانن ئامانجی سەردانەکەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق چیە بۆ ئەمریکا تەنیا لە راگەیاندنەکان بیستوویانە.
چاوەڕێ دەكرێ بەرپرسانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەڵوێستی خۆیان لەمبارەیەوە دەرببرن.