Emre Aytekin,Ramal Abdullah Mahmood
09 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە – AA
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بەهۆی ناهاوسەنگی بازرگانیی ئەمریکا و چین ئیدارەی پەکینی تاوانبار نەکرد و رایگەیاند ئیدارەکانی پێشووی وڵاتەکەی لەوە بەرپرسیارن.
کەناڵیCNN رایگەیاند، ترەمپ لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک بۆ خاوەنکارە گەورەکان لە سەردانەکەی چیندا، بەپێویستی زانیووە ناهاوسەنگی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵات نەهێڵدرێ.
گوتوویەتی: "بەداخەوە ئێستا پەیوەندییە ئابوورییەکانمان تاکلایەنەن و لە رەوشێکی دادوەرانەدا نین. بەڵام لەمەدا چین تۆمەتبار ناکەم. لە ئەنجامدا کێ دەیەوێ تاوان بخاتە پاڵ وڵاتێک کە لە پێناو بەرژوەندی هاووڵاتییانی خۆی سوودەکانی لە وڵاتێکی دی بەدەست بهێنێ. لەمبارەیەوە دەستخۆشی لە چین دەکەم".
ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە کە ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا لە رێگەدان بە کورتهێنانی قەبارەی بازرگانی و تەشەنەسەندنی و لەکۆنتڕۆڵ دەرچوونی بەرپرسیارن.
ترەمپ جەختی لەوە کردۆتەوە کە پێویستە ئیدی ئەو هاوسەنگییە چاک بکەن چونکە کارەکان بەمشێوەیە بەڕێوە ناچێت، گوتووشیەتی: "کۆمپانیاکانی ئەمریکا و کرێکارانی ئەمریکی زیانیان بەردەکەوێ. ناکرێ ئەمە بەمجۆرە بەردەوام بێت".
گوتەکانی ترەمپ کە گۆڕانکاری تیادا بەدیدەکرێ لە بارەی گوتەکانی پێشووتری بەهۆی پیادەکردنی سیاسەتی بازرگانی دەرەوە چین و چەند وڵاتێکی بە زیان گەیاندن بە ئەمریکا تاوانبار دەکرد؛ بووەتە جێی سەرنج.